ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا، بەتوندی بە ئامانجگرتنی نووسینگەی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شوێنی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن شەرمەزار دەكات و جەخت لەوە دەكاتەوە کە پاراستنی سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان ئەرکی حکوومەتی فیدراڵییە و دەبێت لە زووترین کاتدا بەرەنگاری ئەم دەستدرێژییانە ببێتەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستان:
لەکاتێکدا هەموولایەک چاوەڕوانى ئەوەبوون دەست بۆ ئەمنیەت و سەقامگیریی عێراق و هەرێمى کوردستان نەبرێت و پارێزراو بێت، بەتایبەتى کە تەواوى هەوڵەکانى هەرێمى کوردستان دوورخستنەوەى هەرێم و عێراقە لە تێوەگلان لە کێشە و گرژییەکانى ناوچەکە و، هەرگیز هەرێم بەشێک نەبووە و نیە لەشەڕ و ئاڵۆزییەکان، بەداخەوە شەوى ڕابردوو لە رێگاى دوو دڕۆنەوە نووسینگەى بەرێز (مەسرور بارزانى) سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و شوێنى بەڕێوەبەرى ئاژانسى پاراستن بە ئامانج گیران.
ئێمە لە پارتى دیموکراتى کوردستان زۆر بەتوندى ئەم کردەوە تێکدەرانەیە سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەین و، ئەو ڕەفتارانە لە بەرژەوەندى هیچ لایەک نابینین و مەترسیدارن لەسەر پەرەپێدانى پەیوەندییەکان و بارودۆخەکە زیاتر ئاڵۆز دەکەن.
لێرەدا بەڕوونى جەخت دەکەینەوە کە ئەرکى سەرشانى حکومەتى فیدراڵى عێراقە لەسەر ئەم پرسە بە جدى بێتە دەنگ و ڕێگا لەم هێرش و پێشێلکاریانە بگرێت، هەروەها لە زوترین کاتدا بە ڕێگاى گونجاو بەرەنگارى ئەو جۆرە دەستدرێژیانە ببێتەوە.
مەکتەبى سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستان
١٧ى ئابى ٢٠٢٦