غەیدا بێرۆخی - مامۆستای زانکۆ
١٦ی ئاب، ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و لەدایکبوونی هیوا و سەرۆک و مەرجەعی کورد (سەرۆک مەسعود بارزانی)، بیرەوەرییەکی مێژوویی و هیوای نەتەوەی کوردە و یەکێکە لە یاد و ڕۆژە هەرە گرینگەکان لە مێژووی هاوچەرخی کوردستاندا.
لەم ڕۆژەدا و دروست لە ۱٦ی ئابی ساڵی ۱۹٤٦دا، پارتی دیموکراتی کوردستان لە بارودۆخێکی تایبەتی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەو سەردەمەدا بۆ گەیاندنی دەنگی کورد بە هەموو جیهان و وەرگرتنی مافی ڕەوای گەلی کورد و ئازادی و سەربەخۆیی دامەزرا، بێگومان مێژووی گەلەکەشمان پڕە لە قۆناغ و ڕووداوی جۆراوجۆر و بەشداریی کاریگەر لە دروستکردنی داهاتوودا، بۆیە لەناو ئەم مێژووەدا ڕێکخستنی سیاسی و دامەزراندنی حزب و ڕێکخراوەکان، ڕۆڵێکی گرینگیان لە گەشەپێدانی هۆشیاریی نەتەوەیی و سیاسیدا هەبووە.
لە هەمان کاتدا، لەدایکبوونی هیوا و مەرجەعی کورد و خەمخۆر و داکۆکیکاری مافی ڕەوای نەتەوەی کورد (سەرۆک مەسعود بارزانی) لەو ڕێکەوتەدا، هیوا و ئومێدی بە گەلێکی خێرلەخۆنەدیو و ستەملێکراو بەخشی، کە هەر لەسەر هەمان ڕێچکەی باوکی رۆحیی نەتەوەی کورد (مەلا مستەفا بارزانی) درێژە بە خەباتی نەپساوە دەدات و نەشوەستا تاکو ئازادی و دەستکەوتەکانی بۆ گەلی کورد بەدەست هێنا، کە بێشک ئێشتاش بە کاریزما و هەوڵە دیپلۆماسییەکانی وەک نێوەندگیر، ڕۆڵی سەرەکی لە کردنەوەی گرێکوێرە و کارکردن بۆ یەکڕیزیی کورد لە هەر چوار پارچە و هێنانەدیی خەونی چەند ساڵەی کورد دەبینێت.
١٦ی ئاب بۆ ئێمەی کورد تەنیا یادەوەریی دامەزراندنی حزبێک نییە، بەڵکو دەرفەتێکە بۆ بیرکردنەوە لە مێژوو و ئەزموون و خەبات و قوربانی و هەوڵ و ماندووبوونی سەرۆک و باب و باپیرانمان، ئەم مێژووە فێرمان دەکات کە گەیشتن بە ئامانجی گەورە، پێویستی بە ئارامگرتن و هۆشیاری و یەکگرتوویی و یەکڕیزیی ناو ماڵی کورد و کارکردنی بەردەوام هەیە.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، نەتەوەی کورد بە ڕۆژانی سەخت و دژواردا تێپەڕیوە، بەڵام لەسەر دەستی جەنابی (سەرۆک بارزانی) و پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ هەموو ئەو سەختی و دژوارییەشدا، هیچ کاتێک بێهیوا نەبووە و نەوەستاوە لە خەباتکردن و پێشمەرگەئاسا لە چیا سەخت و سارد و دژوارەکانی کوردستاندا ماونەتەوە و قوربانییان بۆ گەیشتن بە ئازادی و خۆشەویستیی خاک و نیشتمان لە دڵ و دەروونیاندا داوە، تاکو گەیشتوون بەو ڕۆژەی کە ئێستا تێیداین و ئازادین و خاوەن قەوارەی خۆمانین و چەندین دەستکەوت بەدی هێنراون لە دامەزراندنی پەرلەمان و حکوومەت و... هتد، بۆیە، ئەرکە لەسەر هەموومان بەشداریی کارامان لە پاراستنی ئەم دەسکەوتانەدا هەبێت، کە بە خوێنی ئاڵی هەزاران ڕۆڵەی کورد بەدی هاتوون.
لای هەمووان ڕوونە، لە سەردەمی ئێستاماندا خزمەتکردنی کوردستان تەنیا لە ڕووی سیاسییەوە فەراهەم نەبووە، بەڵکو لە ڕێگەی خوێندن و فێرکردن و پەروەردە و توێژینەوەی زانستی و ئابووری و تەکنەلۆژی و پاراستنی کولتوور و بەها کۆمەڵایەتییەکانیشەوە خزمەتی بەرچاو کراوە، کە ئەمانە هەموویان بەشێکن لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی بەهێز و تەندروست، بۆیە ئەوەی لە مێژووەوە فێری دەبین، دەبێ ببێتە هاندەرێک بۆ بنیادنانی داهاتوویەکی باشتر.
هەروەها ئەم یادەش دەرفەتێکە بۆ ڕێزلێنان لە هەموو ئەو کەسانەی کە بە ڕێگە و شێوازی جۆراوجۆر خزمەتی کورد و کوردستانیان کردووە، کە گومان هەڵناگرێت هەر کەسێک بە لێهاتوویی و توانای خۆی دەتوانێت ببێتە بەشێک لە پرۆسەی پێشکەوتن، بۆ وێنە، مامۆستا بە پەروەردەکردنی نەوەی نوێی زانکۆ و بە بەرهەمهێنانی نەوەیەکی زانستخواز و گەنج بە وزە و بیرۆکەی نوێ، لە پرۆسەی پێشکەوتن و خزمەتکردنی کۆمەڵگەدا بەشدارە.
وێڕای ئەوانەش، ئەرکی هەموو ئێمەیە پەند و وانە لەو ئەزموونانە وەربگرین بۆ داهاتوو بە یەکڕیزی و ڕێزگرتن و پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی دامەزراوەکان، کە بنەمای گەشە و سەقامگیریی کۆمەڵگەیەکی مۆدێرنن.
لە یادی ١٦ی ئابدا، پەیامی سەرەکی دەبێ ئەوە بێت کە خۆشەویستیی کوردستان تەنیا بە قسە نابێت، بەڵکو پێویستە بە کار و خزمەتکردن بێت، هیوادارین ئەم بۆنەیە ببێتە هۆی پەرەپێدانی ڕۆحی ئاشتەوایی و بەرپرسیارێتیی زیاتر و خزمەتکردنی زێدەتر بە سەرجەم چینوتوێژەکانی کۆمەڵگە.