ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٦ی هەولێری پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە ماوەی ڕابردوودا زیاتر لە ٦ هەزار و ٥٠٠ هاووڵاتی لە سنووری لقی ١٦ی هەولێری پارتی دیموکراتی کوردستان پەیوەندییان بە ڕێکخستنەکانی پارتییەوە کردووە و بوونەتە ئەندامی پارتی. ئەم ژمارەیە بەگوێرەی وتەکانی بەرپرسی لقی ١٦، نیشانەی ئەوەیە کە گەنج و لاوان پارتی بە هیوای داهاتووی سیاسی خۆیان دەبینن.
ئاری نانەکەلی، بەرپرسی لقی ١٦ی هەولێری پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەبارەی کار و چالاکییەکانی ڕێکخستنەکانی لقی ١٦ لە سنووری هەولێر و ناوچەکانی تەقتەق، کۆیە، شۆڕش، دێگەڵە، کەسنەزان، دارەتوو، بنەسڵاوە، شاوێس، مەلا ئۆمەر، پیرزین بەرانەتی، بەحرکە، کەورگۆسک، تۆبزاوە و خەبات، لە ماوەی ساڵ و نیو تا دوو ساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە ٦ هەزار و ٥٠٠ کچ و کوڕی تەمەن و توێژی جیاواز پەیوەندییان بە ڕێکخستنەکانی پارتییەوە کردووە و لەناو ڕیزەکانی پارتی ڕێکخراون و دەستیان بە کاری سیاسی و حزبی کردووە.
نانەکەلی ئەم پەرەسەندنەی بە نیشانەی ئەوە دانا کە هەڵوێستە نەتەوەییەکانی پارتی و ڕۆڵی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتیی ئەو پارتی لە بەرگریکردن لە ماف و دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستان، ڕەنگدانەوەی لەناو بەشێکی فراوانی کۆمەڵگە، بەتایبەتی گەنج و لاوان هەبووە.
بەرپرسی لقی ١٦ی هەولێر هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ڕێکخستنەکانی پارتی بەردەوام لە گەشەکردندان و گەنج و لاوان لە ناو ئۆرگان، ناوچە، ڕێکخراو و بنکە حزبییەکانەوە پەیوەندی بە پارتی دەکەن و دواتر دەبنە ئەندامی حیزب. بەگوێرەی ئەوەش لە ماوەی هەر شەش مانگ جارێک، بۆ ئەندامانی نوێ مەڕاسیمی تایبەت بەڕێوەدەبرێت.
لە هەمان چوارچێوەدا، بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی سەرۆک بارزانی و هەشتایەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ١٣ لیژنەی ناوچەیی سنووری لق، کۆمەڵێک چالاکی و بۆنەی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچێت.
نانەکەلی ڕایگەیاند کە لە ١٧ی مانگی ٨دا، لە بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێر و بە ئامادەبوونی هەڤاڵانی مەکتەبی سیاسی و ئەندامانی لق، مەڕاسیمێکی تایبەت بەڕێوەدەچێت. لە مەڕاسیمەکەدا وتار پێشکەش دەکرێت، فلیمی دۆکیۆمێنتاری نمایش دەکرێت و شەڕەفی ئەندامێتی بەسەر ١٢٠٠ ئەندامی نوێی پارتی دابەش دەکرێت.
بەپێی وتەکانی ئەو، ئەندامانی نوێ دوای وەرگرتنی شەرەفی ئەندامێتی، دەخرێنە خولی ڕاهێنان و پەرەیان پێدەدرێت بۆ ئەوەی ڕۆڵیان لە خزمەتکردنی هەرێمی کوردستان و خەڵکی کوردستان لەناو ڕیزەکانی پارتی هەبێت.
بەرپرسی لقی ١٦ی هەولێر هۆکاری پەیوەندیکردنی ئەم گەنج و لاوانەی بە ڕیزەکانی پارتی، بە متمانەی خەڵکی کوردستان بە پارتی و ئەوەی پارتی دەتوانێت بۆ داهاتوو خزمەت بکات، گەڕاندەوە.
هەروەها ئاماژەی بە هەشتایەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی کرد و گوتی، بەهۆی قەبارەی ڕێکخراوی و جەماوەرییەوە، پارتی توانیویەتی ڕۆڵ و پێگەی خۆی بۆ خزمەتکردنی نیشتیمان بەکاربهێنێت، سەرەڕای ئەو ئاستەنگ و گرفتەی لە قۆناغە جیاوازەکانی خەباتی شاخ، دوای ڕاپەڕین و لە قۆناغی ئێستاشدا ڕووبەڕووی بووەتەوە.
لە کۆتاییدا، ئاری نانەکەلی پیرۆزبایی لە هەشتایەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ساڵیادی لەدایکبوونی سەرۆک بارزانی کرد و پیرۆزبایی لە هەموو ئەندامان و لایەنگرانی پارتیش دەکات.