ھەولێر-KDP.info- ڕاوێژکارێکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەست پێدەکاتەوە، جەختیشی کردەوە کە سەرۆکی حکوومەت سوورە لەسەر ئەوەی نابێت هیچ مافێکی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بفەوتێت.
مەولود سابیر، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانەوە دوا و گوتی، "ئەو بڕیارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پلەبەرزکردنەوە داویەتی، بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەرچووە کە هەمیشە جەخت لەسەر مافی مووچەخۆران دەکاتەوە و لە هەموو ئەو شاندانەش کە دەچنە بەغدا، داواکاری و مافی فەرمانبەران دەخاتە ڕوو."
گوتیشی، "بڕیار دراوە پلەبەرزکردنەوە دەست پێبکاتەوە و سەرجەم فەرمانبەران دەگرێتەوە. فەرمانبەران لە پلەی ١ تاوەکو ١٠ دابەش دەبن، بەشێکیان بە پێنج ساڵ جارێک پلەیان بەرز دەکرێتەوە (لە پلەی ١ تاوەکو پلەی ٥)، بەشێکیشیان بە چوار ساڵ جارێک (لە پلەی ٦ تاوەکو پلەی ١٠). جگە لەوەش، سەرپێشخستنی ساڵانە (سەرمووچە)مان هەیە و فەرمانبەران سەرجەم سەرمووچەکانیان وەردەگرن، ئەو کات پلەکەشیان بەرز دەکرێتەوە. لەبەر ئەوەی ١٠ ساڵە پلەبەرزکردنەوە ڕاگەیەندراوە، ئێستا بەشێک لە فەرمانبەران پلەیەک و دوو ساڵیان لای حکوومەت هەیە، بەشێکیشیان پلەیەک بەهۆی ئەوەی سەرمووچەکانیان وەرگرتووە، ئەوەش بە پلەیەک حیساب دەکرێت."
دەشڵێت، "هەر کاتێک فەرمانی جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەرچوو، ڕاستەوخۆ دەست بە پلەبەرزکردنەوە دەکرێت. بۆ ئەم مەبەستەش هەر وەزارەتێک لیژنەیەک پێکدەهێنێت و کاری لەسەر دەکات، هەموو وەزارەتەکانیش پێشتر کاریان لەسەر کردووە و هەر کاتێک داوای بکەین، زانیارییەکانمان بۆ ڕەوانە دەکەن."
سەبارەت بە کاتی جێبەجێکردنی بڕیارەکە، ڕاوێژکارەی ئەنجومەنی وەزیران گوتی، "ئەم بڕیارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمساڵ جێبەجێ ناکرێت و ساڵی داهاتوو لە بودجەی ٢٠٢٧دا جێبەجێ دەکرێت. بۆ ئەو مەبەستەش گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی عێراق کراوە و شاندی دانوستانکاری ئێمە چەندین جار سەردانی بەغدایان کردووە. سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوورە لەسەر ئەوەی نابێت هیچ مافێکی فەرمانبەران بفەوتێت، تەنانەت بابەت لەسەر پاشەکەوتی مووچەش کراوە و کاری لەسەر دەکرێت تاوەکو لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا مافەکان بەدەست بهێنرێن."
مەولود سابیر لە کۆتاییدا گوتی، "حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور خەبات و شەڕی بەدەستهێنانی تەواوی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات."
بڵند ئیبراهیم