هەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، وڵاتی چین بەنیازە ناوچەیەکی گەورەی پیشەسازیی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان دروست بکات، تاوەکو کاری بەستنەوە و لێکدانەوەی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان بکرێت. جەختیشی کردەوە کە ئەم پڕۆژەیە کوردستان دەکاتە ناوەندێکی گرنگی پیشەسازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، قازانجێکی گەورە بە هەرێم دەگەیەنێت و دەرفەتێکی زۆری کاریش بۆ خەڵک دەڕەخسێنێت.
د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "وڵاتی چین دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان فراوانتر بکات لە بواری ئابووری و وەبەرهێناندا، تاوەکو وەبەرهێنەری زیاتری چینی بێن لە هەرێمی کوردستان زیاتر کار بکەن، بەتایبەت لە کەرتی پیشەسازیدا. بۆیە پێشنیاز کراوە ناوچەیەکی گەورەی پیشەسازی بکرێتەوە بۆ هاوردەکردنی پارچە و یەدەگەکان و بەستنەوەی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان، ئێمەش وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەواوی هاوکارییان دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین سوود لە ئەزموونی وڵاتی چین وەربگرین لە بواری پیشەسازیدا و ئاسانکاریی تەواویان بۆ دەکەین."
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان گوتیشی، "ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکەین ئەو پڕۆژەیە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت، بە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیەش قازانجێکی گەورە بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت، تەکنەلۆجیایەکی نوێ دێتە هەرێم و هەلی کارێکی زۆر بۆ خەڵکی ئێمە دەڕەخسێنێت، هاوکات کوردستان دەبێتە ناوەندێکی گرنگ و ستراتیجی لە بواری پیشەسازیی ئۆتۆمبێل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆیە کاری جدی لەسەر دەکەین بۆ ئەوەی پڕۆژەکە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە."
بڵند ئیبراهیم