دهۆك -KDP.info- به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی وه‌به‌رهێنانی دهۆك ده‌ڵێ "به‌فه‌رمانی مه‌سروور بارزانی كارئاسانی بۆ ئه‌و وه‌به‌رهێنه‌رانه ده‌كرێت، کە پڕۆژه له ناوچه كه‌مگه‌شه‌كردووه‌كان ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
د.هه‌ڤال سدیق، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی وه‌به‌رهێنانی دهۆك به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند "له‌سه‌ر فه‌رمانی مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كارئاسانی بۆ ئه‌و وه‌به‌رهێنه‌رانه ده‌كرێت كه پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان له ناوچه كه‌مگه‌شه‌كردووه‌كان ئه‌نجام ده‌ده‌ن، له‌وانه‌ش لێخۆشبوو‌ن له كرێی خزمه‌تگوزاری و كرێی ساڵانه بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ و چه‌ندین كارئاسانی دیكه بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران."
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی وه‌به‌رهێنانی دهۆك ده‌شڵێت "یه‌كێك له‌و ناوچانه‌ی كه‌مگه‌شه‌كردوون له‌ڕووی وه‌به‌رهێنانه‌وه ئاكرێیه، به‌ڵام ساڵانی ڕابردوو نۆ پڕۆژه‌مان بردووەته ئاكرێ و به‌شێكیان له جێبه‌جێكردندان، به‌شێك له‌و پڕۆژانه ستراتیژین و دوای ته‌واوبوونیان كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ژێرخانی سنووره‌كه ده‌بێت."
د.هه‌ڤاڵ سدیق ڕوونی كرده‌وه "هه‌موو ناوچه‌كانی دیش له‌و فه‌رمانه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سوودمەند دەبن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سیاسه‌تی حكوومه‌ت ئه‌وه‌یه پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان ببه‌ینه ناوچه دووره‌ده‌ست و كه‌مگه‌شه‌كردووەکان، به‌و مه‌بەستەی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان سوود له پڕۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان ببینێت و ژێرخانی ئابووری هه‌موو ده‌ڤه‌ره‌كان گه‌شه بكات، بۆ نموونه یه‌كێك له‌و پڕۆژانه‌ی ئاكرێ له‌سه‌ر ئاستی عێراق هه‌لیكار ده‌ڕه‌خسێنێ و كاریگه‌ری ده‌بێت."
قائید میرۆ