Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
MON, 29 JUN 2026 21:02 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

لە نێوانی بێباکیی سیاسی و ڕۆحی نیشتیمانپەروەریدا
| KDP.info


زکری مووسا

لەم چەند ڕۆژەی دواییدا بەداخەوە پڕۆسەی سیاسیی ھەرێم چووەتە قۆناغێکی مەترسیدار و گاڵتەجاڕیانە. بەشێکی لایەنە سیاسییەکان کەوتوونەتە داوی ھاتوھاوار و گوتاری عەوامفەریب و پۆپۆلیستانە. سادەکردنەوەی کێشە ئاڵۆزەکان و لێدوانی سەتحی و بازاڕییانە لەبەردەم مایکەکان، قسەکردنی بێ بەڵگە تەنیا لەپێناو ڕاکێشانی ھەست و سۆزی جەماوەر، ھەوڵدان بۆ لێکترازان و دابەشبوونی زیاتر لەناو خەڵک، زیندووکردنەوەی ئەدەبیاتی شەڕی ناوخۆ و ناوچەگەرێتی، ھاندان بۆ قووڵکردنەوەی ڕق لەنێوان کایەکانی کۆمەڵگە، شانازیکردن بە خوڵقاندنی قەیران و بە بنبەستگەیاندنی ھەموو شتێک، ترساندن و نائومێدکردنی جەماوەر، ھەر ھەمووی بەشێکن لەو گوتارە بێباک و پۆپۆلیستییەی کە جەستەی ھەرێمی کوردستان شەکەت و ماندوو دەکەن.

ئەو گوتارە کە ھیچ ناسنامەیەکی سیاسیی ڕوونی نیە، تەنیا ڕەنگی ڕەش و سپی دەناسێت و ھیچ پڕۆژەیەکی نیشتیمانی و جددی و ڕاستەقینەشی بۆ داھاتووی وڵات پێ نیە. گوتارەکە گوتاری بەھا و پڕەنسیپ و پلان و ستراتیژی نیە، گوتارێکی سادەی سەودا و کڕین و فرۆشتن و درۆکردنە لەگەڵ دەنگدەر و ھەوادارەکانی. بە دڵنیاییەوە ھەر لایەنێکی سیاسییش بیەوێ بەدوای ئەو بازاڕە سەتحی و گاڵتەجاڕییەدا بکەوێت، دواجار ناسنامەی سیاسیی خۆی و دیتی بۆ ئاییندە و لێکدانەوەی بۆ پڕۆسەی سیاسی دەشێوێنێت و سەری لەخۆی و ھەوادارانی تێکدەدات. تەنانەت ناچار دەبێت پشت لەو پڕەنسیپ و بنەما و دروشمانە بکات کە لەپێناوی دامەزراوە.

ئەزموونی سی و پێنج ساڵەی ھەرێمی کوردستان سەرباری بوونی کەموکوڕی بەڵام ئەزموونێکی دەوڵەمەندە و تژییە لە فرەلایەنی و فرەڕەنگی. لەونێوەدا ھەڵپەرست و پۆپۆلیست و گاڵتەجاڕیی سیاسیش بۆیان ڕەخساوە گەشە بکەن و قسەیان ھەبێت و تەنانەت ببنە ھەڕەشەش لەسەر خودی ئەزموونەکە. ئێستا ھەرێمی کوردستان کە بەرھەمی ڕەنج و ئازار و تێکۆشانی دوورودرێژی ڕۆڵەکانیەتی بە قۆناغێکی زۆر ھەستیار و یەکلاکەرەوەدا تێپەڕ دەبێت. ھاوکێشە ناوخۆیی و ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان پڕن لە ھەڕەشە و دەرفەت. دوورکردنەوەی ھەڕەشەکان و سوود وەرگرتن لە دەرفەتەکان لەم دۆخە ھەستیارەدا پێویستی بە باڵادەستبوونی دەنگی پەرۆشی و حیکمەت و ڕۆحی نیشتیمانپەروەرییە بەسەر ئاوازی بێباکی و بێ ڕوئیایی و خۆخۆریدا.

خەڵکی کوردستان دوو ساڵ بەر لە ئێستا لە یەکێک لە پاکترین و شەفافترین ھەڵبژاردنەکانی چوار دەیەی ڕابردوو، دەنگی خۆیان دا. بەشێکی لایەنەکان بە ئەنجامەکان ڕازی نین. بەشێکیان بە ئیستحقاقی ئینتیخابی خۆیان ڕازی نین، بەشێکیان خەون بە نەمانی ھەرێمەوە دەبینن. ناکرێ چارەنووسی دەنگ و ئیرادەی خەڵکی کوردستان لەو ھەلومەرجە ھەستیارەدا بدرێتە دەستی گوتاری گاڵتەجاڕانە و بێباکیی سیاسی. ئەگەر لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ دەنگدەر و ئەندام و لایەنگرانیاندا ڕاستگۆن با ڕێگە بدەن نوێنەرانیان بچنە پەرلەمان و لەوێ بڕیار لەسەر کۆی کێشەکان و چارەسەرکردنیان بدەن. ئەگەر بڕوایان بە دیموکراسی و دەنگی دەنگدەرانیان ھەیە، با لەوێ بڕیار لەسەر ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکوومەت و وەزارەتەکان و وردەکاریەکانی تر و ستراتیژیی گشتیی حکوومەت بدەن. ئەمە نەخشەڕێگە دروستەکەیە و خۆسەپاندن و ھاتوھاواری بەردەم مایک و شاشەکان و قووڵترکردنی لێکترازانەکان دەردی ئەو میللەتە چارەسەر ناکەت.




دوایین هەواڵەکان

ھاووڵاتیانی ھەڵەبجە بۆ حیزبەکان: نوێنەرەکانتان بنێرنەوە پەرلەمان و کێشەکان چارەسەر بکەن

MONDAY, 29 JUNE 2026 20:06:00

​ھەڵەبجە-KDP.info- ھاووڵاتییانی پارێزگای ھەڵەبجە داوا لە حیزبەکان دەکەن بەدەم پەیامەکەی ٢٧ـی حوزەیرانی پارتییەوە بچن، بەرپرسیارەتیی ئەخلاقی، سیاسی و نیشتمانیی خۆیان جێبەجێ بکەن و پەرلەمان، حکوومەت و سەرۆکایەتییەکی بەھێز دروست بکەن، لە چوارچێوەی ئەو بەڵێنانەی لە ھەڵبژاردندا بە خەڵکیان داوە.

 
​لە سۆران؛ شۆڕشێکی ئابووری لەلایەن ئافرەتانەوە دەستی پێکردووە

MONDAY, 29 JUNE 2026 18:06:03

سۆران-KDP.info-  ​بە درێژایی سێ دەیە، هێڵی پێشەوەی کۆمەڵگەی سۆران گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، ئافرەتان چیتر چاوەڕێی بڕیارە ئابوورییەکان نین، بەڵکو خۆیان بوونەتە بزوێنەری سەرەکی بازاڕ و سەقامگیری خێزانەکان، گۆڕانکارییەک کە پسپۆڕان بە "گواستنەوەیەکی ڕیشەیی لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی ناوچەکە ناوی دەبەن.

 
ئازاد جندیانی بۆ KDP.info: به‌یاننامه‌ی پارتی بیانووبڕه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی موزایه‌ده‌ی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانیان ده‌كرد

MONDAY, 29 JUNE 2026 15:06:20

ھەولێر-KDP.info- سیاسه‌تمه‌دارێكی كورد ده‌ڵێ  "پارتی به‌ ده‌ركردنی به‌یاننامه‌ بۆ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان کارێکی باشی کرد، به‌یاننامه‌کە بیانووبڕه‌ و كۆتایی به‌ موزایه‌ده‌ی هه‌ندێ لایه‌ن دێنێ كه‌ گوتیان بۆچی په‌رله‌مان كارا ناكرێته‌وه‌."

 
پشتیوان سادق لەگەڵ لقی ١٦ی پارتی پلانی قۆناغی داهاتوویان داڕشت

MONDAY, 29 JUNE 2026 13:06:46

ھەولێر-KDP.info- لقی ١٦ی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ئامادەبوونی بەرپرسی لق و هەڤاڵانی دەستەی کارگێڕی، پێشوازی لە بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێر دەکات. لەم کۆبوونەوەیەدا، کە بە مەبەستی پەرەپێدانی کاروباری ڕێکخستن بەڕێوەچوو، چەندین پرسی گرنگی هەنووکەیی و بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە تاوتوێ کران و پلان و بەرنامەی تۆکمە بۆ قۆناغی داهاتوو داڕژران.

 
گەرمیانییەکان بۆ KDP.info: هاووڵاتیان چاوەڕوانی خزمەتگوزاری دەکەن نەک دروشمی بەتاڵ

MONDAY, 29 JUNE 2026 12:06:09

گەرمیان-KDP.info- هاووڵاتیان، ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی دەڤەری گەرمیان پشتیوانیی تەواوی خۆیان بۆ ڕاگەیاندراوەکەی ڕۆژی ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، دووپات دەکەنەوە و داوا لە تەواوی هێزە سیاسییەکان دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی ئێستا بگەڕێنەوە ناو هۆڵی پەرلەمان. گەرمیانییەکان لە لێدوانەکانیاندا بۆ ماڵپەڕی KDP.info جەخت دەکەنەوە کە مێزی گفتوگۆی پەرلەمان تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەی دروشمی حزبەکانە و ڕاکردن لەم پرۆسەیە، دژایەتیکردنی ڕاستەوخۆی ئیرادەی گەلی کوردستانە.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact