هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت، هێزەکانیان بەردەوامن لە هەڵمەتەکانی دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت، کە ماوەیەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی دیکەی هەولێری پایتەخت دەستیان پێکردووە.
(عەمید کامل بەرزنجی)، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، ماوەیەکە بە شێوەیەکی بەردەوام و مەیدانی هەڵمەتێکمان بۆ ڕێگریکردن لە چەکی بێ مۆڵەت و نایاسایی دەست پێکردووە، لە شوێنە جیاوازەکانیشدا بازگە دادەنێین و دەست بەسەر هەر چەکێکی بێ مۆڵەتدا دەگرین.
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر جەختی کردەوە، ئەم هەڵمەتە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر و هێزە ئەمنییەکانی دیکە بەڕێوە دەچێت و بەردەوامیش دەبێت.
بەرزنجی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت و نایاسایی، دەتوانێت ببێتە هۆی دروستبوونی کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئارامی و سەلامەتیی کۆمەڵگا، بۆیە هێزەکانمان بە هەموو تواناوە هەوڵی بنبڕکردنی ئەم دیاردەیە دەدەن.
(عەمید کامل) ڕوونی کردەوە، هەر کەسێک چەکی بێ مۆڵەت هەڵبگرێت، مامەڵەی یاسایی لەگەڵدا دەکرێت و دادگاش سزای بۆ ئەو کەسانە داناوە کە چەک بە شێوەیەکی نایاسایی هەڵدەگرن.
له كۆتاییدا، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر داوای لە هاووڵاتیان کرد، لە کاتی بوونی هەر گرفت و کێشەیەکدا، بە هیچ شێوەیەک پەنا بۆ چەک و توندوتیژی نەبەن، بەڵکو ڕێکارە یاساییەکان بگرنەبەر و سکاڵا تۆمار بکەن، بۆ ئەوەی مافەکان بەپێی یاسا بۆ خاوەن ماف بگەڕێندرێنەوە.
ئومێد بابان