بەغدا-KDP.info- نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، دوای کۆتاییھاتنی سەردانە دوو ڕۆژییەکەی بۆ بەغدا ڕایگەیاند، سەردانێکی "بەرھەمدار و سەرکەوتوو"یان ئەنجامداوە و لەگەڵ لایەنەکان جەختیان لە کارکردنی ھاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و پشتگیریکردنی سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو کردووەتەوە.
دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی.
"ئەمڕۆ کۆتاییمان بە سەردانێکی بەرھەمدار و سەرکەوتوو بۆ بەغدای پایتەخت ھێنا کە تێیدا چاومان بە ھەموو ھاوپەیمانی و کەسایەتییە نیشتمانی و ھاوبەشەکان لە بەغدای پایتەختی عێراق کەوت. جەختمان لە کار و ھاوئاھەنگی ھاوبەش کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە نیشتمانییە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەکان، لەنێویاندا جەختکردنەوە لە کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت، چارەسەری خێرا بۆ دۆخی ئابووری بەھۆی لێکەوتەکانی دۆخی ھەرێمی ناوچەکە. ھەروەھا جەختمان لە گەرەنتیکردنی ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکە و خۆبەدوورگرتن لە ململانێ ھەرێمییەکان کردەوە.
لەگەڵ ھاوبەشەکاندا گفتوگۆمان لەسەر پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق کرد، جەختمان لە پاڵپشتیی تەواومان بۆ سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو کردەوە بۆ کاری ھاوبەش لەپێناو گواستنەوەی عێراق و گەلەکەی بۆ قۆناخێکی نوێ لە سەقامگیری و پەرەسەندن و گەشەسەندن.
سوپاس و پێزانینی خۆمان دەردەبڕین بۆ گەرمیی پێشوازی، سنگفراوانی و گفتوگۆ ئەرێنییە بونیاتنەرەکان کە لە بەرژەوەندی عێراقدان.