هه‌ولێر -KDP.info- جێگری پێشووی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق ده‌ڵێ "سه‌ردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ به‌غدا هه‌موو لایه‌نه‌كانی دڵخۆش كرد. عه‌لی زه‌یدیش سوودی له هه‌ڵه‌كانی ڕابردووی عێراق بینیوه هەر بۆیه‌ش سه‌ردانی سه‌رۆك بارزانی كرد."
د.به‌شیر حه‌داد، جێگری پێشووی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند "ئه‌و كه‌شوهه‌وا ئه‌رێنییه‌ی له سه‌ره‌دانه‌كان بینیمان و ئه‌و كه‌شه ئه‌رێنیه‌ی دڵخۆشی لایه‌نه سیاسیه‌كانی عێراقی گرتووەتەوە كه نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی كردوون، هه‌موو خه‌ڵكی دڵخۆش كرد، چونكه ئەو په‌یامەی گه‌یاند كه داهاتوو له ڕابردوو باشتر ده‌بێت، ئه‌مه نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه سیاسەتی پارتی له به‌غدا سیاسه‌تێكی حه‌كیمانه‌یه، سه‌ره‌ڕای به‌رزی و نشێوی له هه‌ندێ قۆناغدا، به‌ڵام له كۆتاییدا كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كرێن و دێنه‌وه سه‌ر ڕێگا."
جێگری پێشووی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق ده‌شڵێت "له سه‌ردانه‌كه‌ی عه‌لی زه‌یدی بۆ هه‌رێمی كوردستان زۆر بە ڕوونی هێز و كاریگه‌ری هه‌رێمی كوردستان هەست پێکرا، به‌تایبه‌تی پێگه‌ی سه‌رۆك بارزانی نیشان دا له پێكهێنانی هه‌موو حكوومه‌ته‌كانی ڕابردووی عێراق، دیاره به‌ڕێز عه‌لی زه‌یدی سوودی له هه‌ڵه‌كانی ڕابردوو وه‌رگرتووه، حكوومه‌ته‌كانی پێشووی عێراق ده‌هاتنه لای سه‌رۆك بارزانی بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت و دواتر له به‌ڵێنه‌كانیان پاشگه‌ز ده‌بوونه‌وه، به‌ڵام دیاره زه‌یدی سوودی له‌وه وه‌رگرتووه و بڕیاری داوه هه‌ڵەکانی پێشوو چاره‌سه‌ر بكات."
د.به‌شیر حه‌داد ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد "دیپلۆماسیه‌تی سه‌رۆك بارزانی له‌گه‌ڵ مه‌له‌فی عێراق سه‌ركه‌وتووه، ئومێده‌وارین له ئاینده‌یه‌كی نزیك حكوومه‌تی عێراق پێك بێت و كێشه‌كانی ڕابردوو، به‌تایبه‌تی ئه‌و كێشانه‌ی له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا هه‌ن چاره‌سه‌ر بكرێن، سه‌ردانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانیش بۆ به‌غدا توانی ئه‌و به‌سته‌ڵەكه‌ی نێوان هه‌رێم و به‌غدا بتاوێنته‌وه."
قائید میرۆ