عارف ڕوشدی
پێشینانمان وتەیەکی پڕ مانایان بۆ بەجێهێشتووین کە دەڵێت: "پیاو بە ئیشە، نەک بە ڕیش". ئەم پەندە کۆنە، ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێکی تر، بووەتە پێوەرێکی ڕاستەقینە بۆ هەڵسەنگاندنی هێز و پێگەی لایەنە سیاسییەکان. لە جیهانێکی پڕ لە دروشم و بانگەشەی بێکرداردا، ئەوەی لایەنێک لە لایەنێکی تر جیادەکاتەوە، توانای گۆڕینی بەڵێنەکانە بۆ پڕۆژەی خزمەتگوزاری و گۆڕینی دیدگایە بۆ واقیعێکی بەرجەستە.
لەم گۆشەنیگایەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک هێزێکی ڕیشەدار و خاوەن پەیامی نەتەوەیی، فەلسەفەی سیاسیی خۆی لەسەر بنەمای "کردار" دامەزراندووە و بێباکە لەو ژاوەژاوە سیاسییەی، کە تەنیا بۆ شێواندنی ڕاستییەکان و بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی دروست دەکرێت.
سیاسەتکردن لە ڕوانگەی پارتییەوە، تەنیا بریتی نییە لە ململانێی سیاسی و بەدەستهێنانی پۆست، بەڵکو پرۆسەیەکی گشتگیرە کە ئامانجی سەرەکی، ڕەخساندنی ئارامی، ئاسایش و خۆشگوزەرانییە بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان. ئەم ئامانجە لە دوو ئاستی سەرەکیدا کاری بۆ دەکرێت: یەکەمیان پاراستن و بەهێزکردنی پێگەی سیاسی و دەستووریی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراق و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، دووەمیان بنیادنانی ژێرخانێکی ئابووری و کۆمەڵایەتیی پتەو لە ناوخۆی هەرێمدا.
یەکێک لە پایە گرنگەکانی سیاسەتی پارتی، کارکردنە بۆ پاراستنی هاوسەنگی و بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان. لەم چوارچێوەیەدا، سەردانە دیپلۆماسییەکانی بەرپرسانی باڵای هەرێم، بەتایبەتی سەردانی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، نموونەیەکی زیندووی ئەم سیاسەتە حەکیمانەیە. ئەم سەردانانە تەنیا بۆ وێنەگرتن و کۆبوونەوەی پرۆتۆکۆڵی نین، بەڵکو هەوڵێکی جیددین بۆ دروستکردنی زمانی لێکتێگەیشتنی هاوبەش، جێگیرکردنی پرەنسیپی سازان و ڕێزگرتن لە شەراکەتی ڕاستەقینە، هەروەها داکۆکیکردن لەو مافە دەستوورییانەی کە شایستەی خەڵکی کوردستانە. لە کاتێکدا هەندێک لایەن گرەو لەسەر ئاڵۆزکردنی پەیوەندییەکان و دروستکردنی کێشە دەکەن، پارتی هەمیشە دەرگای دیالۆگی بە کراوەیی هێشتووەتەوە و باوەڕی وایە کە چارەسەری کێشەکان لەسەر مێزی گفتوگۆیە، نەک لە ڕێگەی میدیا و موزایەدەی سیاسییەوە.
لە لایەکی ترەوە، فەلسەفەی "کردار" لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بە سەرۆکایەتیی بەڕێز مەسروور بارزانی، بە ڕوونی ڕەنگی داوەتەوە. ئەم حکوومەتە بە دیدگایەکی سەردەمییانە و ستراتیژییەوە، دەستی بە جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژەی زەبەلاح کردووە کە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان هەیە. ئەم پڕۆژانە تەنیا لە یەک بواردا قەتیس نەماون، بەڵکو بوارە جیاوازەکانی وەک ئاو، ڕێگەوبان، تەندروستی، کشتوکاڵ و تەکنەلۆژیایان گرتووەتەوە. بۆ نموونە: چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی لە ڕێگەی پڕۆژە ستراتیژییەکانی وەک پرۆژەی ستراتیژیی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر، پڕۆژەی ئاوی سلێمانی و پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ و...هتد، هەروەها دروستکردنی نۆ بەنداوی نوێ لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان، هەنگاوێکی گرنگە بۆ دابینکردنی ئاسایشی ئاو بۆ نەوەکانی ئێستا و داهاتوو.
هاوكات لە كەرتی تەندروستی و گواستنەوە و مۆدێرنکردنی حوکمڕانی و هەنگاونان بەرەو "دیجیتاڵکردنی کاروبارەکانی فەرمانگە حکوومییەکان"، شۆڕشێکە دژی بیرۆکراسی و ڕۆتینی کوشندە. ئەم هەنگاوە نەک تەنیا کارئاسانی بۆ هاووڵاتییان دەکات، بەڵکو ڕێگە لە گەندەڵی دەگرێت و شەفافیەت زیاتر دەکات. لە هەمان كاتیشدا بووژاندنەوەی ئابووری و کەمکردنەوەی بێکاری، كە حکوومەت بە داناییەوە کار بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات دەکات. هێنانی وەبەرهێنەری بیانی وەک "پڕۆژە کشتوکاڵییە هاوبەشەکانی نێوان کوردستان و ئیمارات" و ئامادەکاری بۆ دەستبەکاربوونی سێ کۆمپانیای گەورەی چینی لە بواری دروستکردنی ئۆتۆمبێلدا، ئاماژەن بۆ کردنەوەی دەرگای کوردستان بە ڕووی جیهاندا و هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری و پشتبەستن بە توانای ناوخۆ. لە هەموو ئەوانەیش گرنگتر دابینکردنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و دابەشکردنی دەیان هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران، پێشمەرگە قارەمانەکان و کارمەندانی دەزگا ئەمنییەکان، نیشانەی وەفاداریی حکوومەتە بەرامبەر بەو توێژانەی کە ماندوونەناسانە خزمەت دەکەن و شایستەی ژیانێکی سەربەرزانەن.
لە کۆتاییدا دەمەوێ بڵێم، جیاوازیی نێوان سیاسەتێکی نەتەوەیی - نیشتمانیی سەردەمییانە و دیدگایەکی هەڵەشە و پۆپۆلیستی، لێرەوە دەردەکەوێت. پارتی دیموکراتی کوردستان باوەڕی وایە کە باشترین وەڵام بۆ ڕەخنەگران و نەیاران، خزمەتکردنی زیاتری خەڵک و بەهێزکردنی زیاتری پێگەی هەرێمی کوردستانە. ئەو کردەوانەی لە سەرەوە ئاماژەیان پێدرا، تەنیا لیستێک لە پڕۆژە نین، بەڵکو گەواهیدەری فەلسەفەیەکی سیاسیی قووڵن، کە ئاوەدانی و سەقامگیریی و شكۆی تاكی كوردستانی کردووەتە بنەمای کارکردنی. مێژووش سەلماندوویەتی کە ئەوەی دەمێنێتەوە، کردەوەکانە نەک وتارە بریقەدارەکان.