کەرکووک-KDP.info- مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، وێڕای دەربڕینی ھاوخەمی بۆ قوربانیانی ڕووداوە دڵتەزێنەکەی شاری کەرکووک، ڕایگەیاند کە لەگەڵ وەزیری تەندروستی و پارێزگاری ھەولێر ھەماھەنگی تەواویان کردووە بۆ گەیاندنی فریاگوزاری خێرا و چارەسەری پێویست بۆ برینداران.
دەقی پەیامی مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی.
بەناوی خودای بەخشندە و میھرەبان
بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە ھەواڵی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنەی ئەمڕۆی شاری کەرکووکی خۆشەویستمان بیست کەبووە ھۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی چەندین ھاووڵاتی خۆشەویست. ئێمە لە مەکتەبی ڕێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان پرسەو سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی کۆچکردووان دەکەین، وە لە خودای گەورە داواکارین شیفای خێرای برینداران بدات.
وەک مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە مەبەستی بەھاناوە چوونی زیاتری قوربانیان، لەگەڵ بەڕێز (د.سامان بەرزنجی) وەزیری تەندرووستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ھەروەھا لەگەڵ بەڕێز (ئومێد خۆشناو) پارێزگاری ھاولێر قسەمان کردووە و ھەماھەنگیمان کردووە، بە خۆشحاڵیەوە وەک ھەمیشە، ئامادەیی خۆیان نیشانداوە، ھەرچی پێویست بێ بۆ بریندارانی ئەم ڕووداوە پێشکەش بکرێت و ھەرچی زووە ھەر فریاگوزاریەکی خێرا پێویست بێت بۆیان دابین بکرێت.
مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک- گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان
٢٦-٤-٢٠٢٦