بنەسڵاوە-KDP.info- قایمقامی قەزای بنەسڵاوە ڕایدەگەیەنێت، دەیان پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سێکتەرە جیاوازەکان جێبەجێ کراون و بنەسڵاوە وەک یەکەم قەزاش بووە خاوەنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری، جەختیش دەکاتەوە کە چوار هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش کراوە.
جوان فەتحوڵڵا، قایمقامی قەزای بنەسڵاوە لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، "لە چوارچێوەی دروشمی کابینەی نۆیەم بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان، دەیان پڕۆژەی ستراتیژی لە بوارەکانی ڕێگەوبان، کارەبا، تەندروستی و پەروەردە جێبەجێ کراون. پڕۆژەی دووسایدی ناو سەنتەری قەزاکە و پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاو، کێشەی هاتوچۆ و کەمئاوییان بەتەواوی چارەسەر کردووە.
قایمقامی بنەسڵاوە ئاماژەی بە چەند دەستکەوتێکی گرنگ کرد و گوتی، ''بنەسڵاوە یەکەم قەزا بوو کە پڕۆژەی کارەبای ٢٤ کاتژمێریی پێ گەیشت و تا ئێستا چوار هەزار پارچە زەوی لە سنوورەکە دابەش کراوە و فەرمانبەران لێی سوودمەند بوون، لەگەڵ دروستکردنی چەندین پۆند کە بوونەتە هۆی گلدانەوەی ئاو و کەمکردنەوەی مەترسیی لافاو.
جوان فەتحوڵڵا جەختی کردەوە، سەرەڕای نەبوونی بودجەی پێویست، ڕێگەیان نەداوە پڕۆژەکان پەک بخرێن و لە داهاتووشدا بەپێی فراوانبوونی گەڕەکەکان، پڕۆژەی زیاتر جێبەجێ دەکرێن.
قائید میرۆ