ھەولێر-KDP.info- لە چوارچێوەی گرنگیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ژینگە و ھۆشیارکردنەوەی ھاووڵاتیان، ئەمڕۆ ھەینی ٢٤ـی ٤ـی ٢٠٢٦، بە سەرپەرشتی ئاری نانەکەلی، بەرپرسی لقی ١٦ـی پارتی، ھەڵمەتێکی فراوانی پاککردنەوە و ھۆشیارکردنەوە لە سنووری لقی ١٦ ئەنجامدرا.
سەبارەت بەم چالاکییە، ئاری نانەکەلی، بەرپرسی لقی ١٦ـی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "بە ڕاسپاردەی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەک لقی ١٦، بە ئەرکی خۆمانمان زانی کە ھاوشانی لایەنە پەیوەندیدارەکان، ھەڵمەتێکی جەماوەری و حزبی بۆ پاکڕاگرتنی سەیرانگا و شوێنە گەشتیارییەکانی سنوورەکەمان ڕێکبخەین. ئامانجی ئێمە تەنھا پاککردنەوە نییە، بەڵکو بڵاوکردنەوەی کلتووری ژینگەدۆستییە لەناو ھاووڵاتیاندا."
نانەکەلی گوتیشی، "ئەم ھەڵمەتە بە بەشدارییەکی کارا و ھەماھەنگی لە نێوان ھەڤاڵانی (لیژنەی ناوچەی تارین - لیژنەی ناوچەی کەسنەزان - لیژنەی ناوچەی خەبات - لیژنەی ناوچەی دەشتی هەولێر - لیژنەی ڕێکخراوەکان - بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەکانی پیرزین و مەلا ئۆمەر - ھێزەکانی پۆلیسی پیرزین - بەرپرسی کۆمپانیای ھاڤەر و کرێکارانی ماندوونەناسی شارەوانی).
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، بەرپرسی لقی ١٦ سوپاسی گشت ئەو ھەڤاڵ و لایەنانەی کرد کە بەشداربوون و ڕایگەیاند، "بەناوی لقی ١٦ـی پارتیمانەوە، دەستخۆشی و سوپاس و پێزانینی زۆرمان بۆ ھەموو ئەو ھەڤاڵ و کارمەندە بەڕێزانە ھەیە کە ئەمڕۆ بە ڕۆحێکی پڕ لە بەرپرسیاریەتییەوە بەشداربوون".

