ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی، پەیامێکی لە ساڵیادی کارەساتی بۆردومانکردنی قەڵادزێ لەلایەن ڕژێمی ئەوسای عێراق بڵاوکردەوە و دەڵێت: "خەڵکانی دژە ئازادی و نەیاری مرۆڤایەتی بەرەو نەمان و سڕانەوە چوون، کورد و کوردستان سەربەرز و شکۆمەند مایەوە."
دەقی پەیامی فازڵ میرانی:
ئەمڕۆ ٢٤ی نیسان بە ڕێز و شکۆوە یادی (٥٢)ـەمین ساڵەی قوربانی و شەھیدانی بۆردوومانکردنی شاری قەڵادزێ و بە تایبەتی زانکۆی سلێمانی لە ئامێزی ئەو شارەدا دەکەینەوە. ساڵی ١٩٧٤ لەم ڕۆژەدا چەندین فڕۆکەی جەنگیی ڕژێمی ئەوسای عێراق، بە چەکی قەدەغەکراو ھێرشی کردە سەر شاری قەڵادزێ، چەندین فەرمانگە و دامەزراوە و شوێنی سڤیلی کردە ئامانج، .
بە ئامانجگرتنی زانکۆ و پەلاماردانی شاری قەڵادزێ وەک ناوەندێکی نیشتیمانپەروەری، ھەوڵێکی بێ ئاکام بوو بۆ تێکشکاندنی ئیرادەی گەلی کوردستان و لێدانی شۆڕشی ڕزگاریخوازی نەتەوەکەمان. خەڵکانی دژە ئازادی و نەیاری مرۆڤایەتی بەرەو نەمان و سڕانەوە چوون، کورد و کوردستان سەربەرز و شکۆمەند مانەوە.
دروود بۆ گیانی پاکی شەھیدانی قەڵادزێ و سەرجەم شەھیدانی کوردستان.
فازڵ میرانی
بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی
٢٤-٤-٢٠٢٦