هەولێر -KDP.info- لە چوارچێوەی کار و چالاکییە مەیدانییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە و پاراستنی سیمای جوانی کوردستان، لقەکانی (٢، ١٠، ٢٤)ی پارتی، زنجیرەیەک هەڵمەت و چالاکیی جۆراوجۆریان بۆ پاکڕاگرتنی ژینگە و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری ژینگەیی لە سنوورەکانیان دەستپێکرد.
لەم چوارچێوەیەدا و وەک دەستپێکی هەڵمەتەکە، بە ئامادەبوون و سەرپەرشتی بەرپرسی لقی دووی پارتی، هەڵمەتی وەرزی ژینگەپارێزی بۆ پاکڕاگرتنی پارکەکانی شاری هەولێر دەستیپێکرد. ئەم هەڵمەتە کە ئامانج لێی پاراستنی تەندروستی گشتی و نیشاندانی سیمایەکی شارستانییە بۆ پایتەخت، جەخت لەسەر دروشمی "ژینگەیەکی پاک.. ژیانێکی تەندروست" دەکاتەوە وەک بنەمایەکی سەرەکی بۆ ژیانی هاووڵاتیان.
هاوکات لەگەڵ ئەم هەڵمەتە مەیدانییە، لە سنووری لقی ١٠ی پارتی، هەڤاڵ (بڵند ئیسماعیل) ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی لق، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد. لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە کوردستان بە ژینگە جوانەکەیەوە بەهەشتی سەرزەمینە و پێویستە هەموو ڕێوشوێنێکی تایبەت بگیرێتەبەر بۆ ڕێنوێنیکردنی گەشتیاران و پاراستنی ئەو ژینگە پاک و سازگارەی ناوچەکە، بە تایبەت لە وەرزی گەشتیاریدا.
لەلایەکی تریشەوە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی نیسانی ٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی هەڤاڵ (هیوا گەیلانی) ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی لقی ٢٤ی سەفین و بە یاوەری قائیمقام و بەرپرسانی یەکە کارگێڕییەکان، هەڵمەتەکە ڕەهەندێکی پەروەردەیی و هونەری وەرگرت. شاندی لق سەردانی کۆمەڵگەی پەروەردەیی شەقڵاوەیان کرد و لەگەڵ مامۆستایان و قوتابیان بەشدارییان لە چالاکییەکی بەرفراواندا کرد کە پێکهاتبوو لە چاندنی گوڵ و نەمام، هەڵمەتی پاککردنەوە و پێشکەشکردنی تابلۆی هونەری و هۆشیاری ژینگەیی.
ئەم جووڵە هەمەلایەنەی لقەکانی پارتی لە سنووری پارێزگای هەولێر، نیشانەی بایەخی قووڵی حزبە بە پرسی ژینگە وەک بەشێکی دانەبڕاو لە خزمەتکردنی نیشتمان و ئاراستەکردنی کۆمەڵگە بەرەو داهاتوویەکی گەشتر و تەندروستتر.