ھەولێر-KDP.info- لە چوارچێوەی پلانی کابینەی نۆیەم بۆ بەھێزکردنی ژێرخانی ئابووری و پشتگیریی بەرھەمی ناوخۆ، پڕۆسەی دروستکردنی ١٦ ناوچەی پیشەسازی لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە. سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان ڕایدەگەیەنێت، ئەم ھەنگاوە ئامانجیەتی ھەرێم لە کڕیارەوە بکاتە بەرھەمھێن و ھەلی کاری نوێ بۆ گەنجان بڕەخسێنێت.
دکتۆر محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەم گرنگی زۆر بەکەرتی پیشەسازی دەدات بۆ ئەوەی بەرھەمی ناوخۆ زیاد بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاردراوە لە ھەموو پارێزگا و ئیدارەی سەربەخۆ و قەزاکان ناوچەی پیشەسازی دروست بکرێن، بۆیە تاوەکو ئێستا لە چەندین ناوچە دەست بەدروستکردنی ناوچەی پیشەسازی کراون و ئامادەکاری کراوە بۆ ئەوەی ژمارەیەک ناوچەی پیشەسازی تازە دروست بکرێن.
سەرۆکی دەستە ئاماژە بەوەش دەکات، بڕیارە ١٦ ناوچەی پیشەسازی لە ھەرێمی کوردستان دروست بکرێن، کە لەئێستادا کار لەسەر ناوچەی پیشەسازی لە دھۆک، زاخۆ، سلێمانی، عەربەت، گەرمیان وھەڵەبجە و چەند ناوچەیەک لە ھەولێر و ڕاپەرین و ئاکرێ و بەردەڕەش و سۆران ئەمانە بەشێکیان کاری تێدا دەکرێت و بەشێکیش ئامادەکاری دەکرێت دەست بەکارکردن تێیاندا بکرێت و بڕیارە جگە لەوانەش ژمارەیەکی دیکەی ناوچەی پیشەسازی لە ھەرێمی کوردستان دروست بکرێن، بۆیە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەم ئەو بەڵێن و بڕیارانەی داویەتی جێبەجێی دەکات و ئێستا کەرتی پیشەسازی لە ھەرێمی کوردستان بەردەوام لە گەشەدایە، بۆ ئەوەی بتواندرێت بەرھەمی ناوخۆ بگاتە ئاستێک ھەم پێداویستی ناوخۆ پڕبکاتەوە و ھەمیش ھەناردەی دەرەوە بکرێت.
بڵند ئیبراھیم