هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەمساڵ لە ١١ سایلۆ و دوو بنکە گەنم وەردەگرین و سێ سایلۆی تازەش دروست دەکرێن.
بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نەوزاد شێخ کامیل، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "ئامادەکاری تەواو کراوە بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، ئەمساڵ لە ١١ سایلۆ و دوو بنکە و لە هەڵەبجەی شەهید و کۆیەش گەنمی جووتیاران وەردەگرین، ئەمەش ئاسانکارییەکی زۆر باشە بۆ جووتیاران کە لە هەموو ناوچەکان سایلۆ هەبێت."
نەوزاد شێخ کامیل باس لەوەش دەکات، "حکوومەتی هەرێمی کوردستان پلانی هەیە سایلۆی زیاتر دروست بکات، ئێستا سێ سایلۆی دیکە دروست دەکرێن، لەوانە دروستکردنی سایلۆی هەڵەبجە لە قۆناغی کۆتایی دایە و ساڵی داهاتوو دەکەوێتە کار، سایلۆی زاخۆ دەست بە دروستکردنی کراوە کە ٦٠هەزار تەن دەگرێت، سایلۆی کۆیە هەموو ڕێکارەکانی تەواو بووە و لە نزیکترین کات دەست بە دروستکردنی دەکرێت."
بڵند ئیبراهیم