ھەولێر-KDP. info- بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوە پێشوازی لە کونسوڵی گشتی کۆماری میللی چین، بەڕێز لیو جون لە هەرێمی کوردستان کرد و باسی دوایین پێشهاتە سیاسی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەی بۆ کرد و پێکەوە بیروڕایان لەسەر بابەتەکان کە جێگای بایەخی هەردوو لایە ئاڵوگۆڕ کرد.
بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوە، هۆشیار سیوەیلی پێشوازی لە کونسوڵی گشتی کۆماری میللی چین، بەڕێز لیو جون لە هەرێمی کوردستان کرد. لەو دیدارەدا باسی دوایین پێشهاتە سیاسی و ئاڵۆزیەکانی ناوچەکەی بۆ شاندی میوان کرد و بیروڕایان لەسەر بابەتەکان کە جێگای بایەخی هەردوولایە ئاڵوگۆڕ کرد. شەڕی نیوان ئێران لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و کاریگەرییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی و جیهان بەگشتی باس کرا.
بەڕێز سیوەیلی باسی لەو هێرشە ناڕەوایانە کرد کە کرانە سەر هەرێمی كوردستان و بوونە مایەی زیانی گیانی و ماڵی، لەکاتێکدا ئێمە بەشێک نین و نابین لەو ناکۆکییەکانە.
بەڕێز لیو جون نیگەرانی خۆی لەو بارەیەوە خستە ڕوو و هیوای خواست ئاگربەستی نێوان لایەنە ناکۆکەکان بەردەوام بێت و بتوانن بە گفتوگۆ و دانوستان چارەسەری کێشەکان بکەن.
شەڕی ئەم دواییەی نێوان ئێران لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کاریگەری نەرێنی لەسەر تەواوی جیهان هەبووە، بەڕێزیان دووپاتی سیاسەتی کۆماری میللی چینی کردەوە کە بریتیە لە ڕێزگرتن لە سەروەری وڵاتان و یاسا نێودەوڵەتییەکان و پێکەوەژیانی ئاشتییانە و گەشەسەندن و ئاسایشی جیهان."
بەڕێز سیوەیلی باسی پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کابینەی داهاتووی حکوومەتی فیدرڵی کرد "جیاوازییەکانی نێوان لایەنە شیعەکان لەسەر کاندیدی سەرۆک وەزیران گرفتێکە کە پێویستە زوو چارەسەر بکرێت.
پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ گرنگە بۆ چارەسەرکردنی گرفتە نێوخۆییەکان و ڕووبەڕووبونەوەی ئاڵەنگارییان و خزمەتکردنی وڵات."
بەڕێز جون پەیوەندییەکانی نیوان گەلی کوردستان و کۆماری میللی چینی بە گرنگ و بەهێز وەسف کرد و گوتی "مێژووی درێژی پەیوەندیمان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەشی پێکهاتووە و بەردەوام لە گەشەسەندندایە، ئەوەی گرنگە هەمان هەست و سیاسەت لەلایەن هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی هەیە."
پرسی ئەو ڕووداوانەی کە کاریگەرییان لەسەر ناوچەکە و پەیوەندی دوولایەنە هەیە گفتوگۆی لەسەر کرا و هاوڕا بوون لەسەر گرنگی و هەماهەنگی بنیاتنەرانەیان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و کەمکردنەوەی ئاستەنگەکان.