بارزان-KDP.info- دەستەیەک لە هەڤاڵانی ئەنجومەنی باڵای تێکۆشەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەردانی مەزاری نەمرانیان لە بارزان کرد و تاجەگوڵینەی وەفایان لەسەر گڵکۆی بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد دانا.
شاندێکی تێکۆشەرانی دێرینی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە مەبەستی ڕێزگرتن لە خەبات و قوربانیدانی ڕێبەرانی نەتەوە، سەردانی مەزاری نەمرانیان لە ناوچەی بارزان کرد.
لەم بەسەرکردنەوەیەدا، تێکۆشەران دووپاتیان کردەوە کە ڕێبازی بارزانیی نەمر، قوتابخانەی ڕەسەنی کوردایەتی و بەرخودانە و تا دوا هەناسە لەسەر ئەو کاروانە بەردەوام دەبن، شاندەکە ڕایانگەیاند، سەردانی مەزاری نەمران بۆ ئەوان وەک نوێکردنەوەی هێز و ورەیە بۆ خزمەتکردنی زیاتری کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، هەروەها تێکۆشەران یادی خەبات و ماندووبوونی بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیادیان بەرز نرخاند، کە ژیانی خۆیان بۆ سەرفرازیی کورد و كوردستان تەرخان کرد.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، شاندەکە بەڵێنیان دا کە وەک هەمیشە وەک پارێزەرێکی دڵسۆزی بەها بەرزەکانی پارتی و ڕێبازی پیرۆزی بارزانی بمێننەوە و پشتیوانێکی بەهێزی سەرکردایەتیی سیاسیی کورد بن لە پاراستنی دەستکەوتە نەتەوەییەکاندا.

