هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێ، لە ڕۆژی 6ی مانگی داهاتووەوە چوون بۆ سعودیە بە مەبەستی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج دەستپێدەکات و لە چوار ڕۆژدا سەرجەم ئەو کەسانەی دەچنە حەج بۆ سعودیە بەڕێ دەکەون.
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، "ئەم ساڵ 5120 کەس لە هەرێمی کوردستانەوە دەچنە حەج، ئاماژەی بەوەشکرد، ڕۆژی 6ـی ئایار یەکەم کاروان لە هەولێرەوە بەڕێ دەکەوێ و تاوەکو 10ـی ئایار سەرجەم کاروانەکان بەڕێ دەکەون.
کاروان ستوونی گوتیشی، "زۆرینەی پاسەکان لە عێراقەوە دابینکراون. سەرجەمیشیان پشکنینیان بۆ کراوە و لە پشکنین دەرچوون. هەر حاجییەک دوو کورسی هەیە لە پاسەکان. لەنێو پاسەکەشدا خواردن و خواردنەوەیان بۆ دابین دەکرێت."
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەشڵێ، "ئەم ساڵ ئەو کەسانەی دەچنە حەج بڕی دوو هەزار دۆلاریان بە نرخی فەرمی پێ دەدرێت و دەتوانن لە بانک پارەکە لە هەفتەی داهاتوودا وەربگرن.
ئەژین غەفار