هەولێر -KDP.info- بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەبۆنەی (٢٢)یەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئاژانسی هەواڵیی زاگرۆس، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێوەبەر و کارمەندانی ئاژانسەکە دەکات و تێیدا جەخت لە ڕۆڵی گرنگی ئاژانسەکە دەکاتەوە لە خزمەتکردنی پرسە نەتەوەییەکان و پەرەپێدانی ئاستی ڕۆژنامەوانی لە کوردستان.
دەقی پەیامەکەی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان:
بەڕێزان: بەڕێوەبەر، ستافی کارگێڕی، تەکنیککاران و سەرجەم کارمەندانی ئاژانسی هەواڵیی زاگرۆس
بەبۆنەی تێپەڕبوونی (٢٢) ساڵ بەسەر دامەزراندنی ئاژانسی هەواڵیی زاگرۆس، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوەی تێکۆشەر و سەرجەم خوێنەرانی ماڵپەڕە دەستڕەنگینەکەتان دەکەین.
ئاژانسی هەواڵیی زاگرۆس لە ماوەی تەمەنی میدیایی خۆیدا، بە پەیڕەوکردنی کارنامەیەکی نیشتمانیی تۆکمە، توانیویەتی ببێتە سەکۆیەکی متمانەپێکراو و ڕۆڵێکی دیار و کاریگەر بگێڕێت لە خستنەڕووی ڕاستییەکان و بەرگریکردن لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان.
ئێمە لە کاتێکدا دەستخۆشی لە ماندووبوون و هەوڵە بەردەوامەکانتان دەکەین، هیوای سەرکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازین. ئومێدەوارین لە ساڵی نوێی کارکردنتاندا، بە هەمان گوڕوتینی کوردپەروەرانە، هەنگاوی نوێتر بنێن بۆ پەرەپێدانی ئاستی ڕۆژنامەوانی و خزمەتکردنی زیاتری کاروانی ڕاگەیاندنی کوردستان.
دووبارە ساڵیادی دامەزراندنی ئاژانسەکەتان پیرۆز بێت و هەر بەردەوام و سەرکەوتوو بن.
بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان
٢١ی نیسانی ٢٠٢٦