ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی ٣٢ەمین ساڵیادی دەرچوونی گۆڤاری گوڵان پەیامێکی پیرۆزبایی راگەیاند کە ئەمە دەقەکەیەتیی:
بەڕێزان: سەرنووسەر و ستافی نووسین و کادیر و کارمەندانی گۆڤاری گوڵان
لە ساڵیادی دەرچوونی گۆڤاری گوڵان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوە و خوێنەرانی هێژا دەکەین و دەستی ماندووبوونتان دەگوشین.
گۆڤاری گوڵان لە تەمەنی پڕ بەرهەمیدا، توانیویەتی وەک کاروانێکی ڕۆژنامەوانیی پێشەنگ، پێگەیەکی شایستە لە نێو میدیای کوردی و پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی گەلی کوردستاندا بگرێت.
ئەم گۆڤارە بە پابەندبوونی بە ئیتیکی پیشەیی و پەیڕەوکردنی میتۆدێکی زانستی و ئەکادیمی، بووەتە ناوەندێکی گرنگی دیالۆگ بۆ شیکردنەوەی بابەتە ستراتیژییەکان. جێگەی دەستخۆشییە کە گۆڤاری گوڵان توانیویەتی سنوورە لۆکاڵییەکان ببڕێت و لە ڕێگەی ماڵپەڕ و سەکۆکانییەوە لە دیجیتاڵ میدیا، دیدگای سیاسەتمەدار و ئەکادیمیستانی جیهانی بۆ ناو کێشە هەنووکەییەکان ڕابکێشێت و بیروڕا جیاوازەکان ئاوێتە بکات.
جارێکی دیکە پشتیوانیی خۆمان بۆ بەردەوامی و گەشەسەندنی زیاتری گۆڤاری گوڵان، دووپات دەکەینەوە و هیوای سەرکەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازین.
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان