فازڵ میرانی
١٢٨ ساڵ بەر لە ئێستا، میرزادەیەکی کورد ( مقداد میدحەت بەدرخان ) خەمی نەتەوەکەی گرتە کۆڵ و لە وڵاتی غەریبیی میسردا، پڕۆژەی هەستانەوەی نەتەوەکەی بە دەرکردنی ڕۆژنامەی (کوردستان) لە ٢٢ ی نیسانی ١٨٩٨ ڕاگەیاند. لەو کاتەوە تا ئێستا، هەردەم ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لە سەنگەری داکۆکیکردن لە بوون و مانەوەی کورد، کارکردن بۆ گەیشتن بە خواستی ڕەوای نەتەوەکەمان، گەشەپێدانی زمان و کلتووری کوردی و زیاتر ئاگادارکردنەوە و هۆشیارکردنەوەی نەوەکاندا، کاریان کردووە و بەردەوامن.
مایەی خۆشحاڵییە، ئەمڕۆ میدیا و ڕۆژنامەگەریی کوردستان بووە بە یەکێک لە فاکتەرە هەرە کارا و کاریگەرەکانی بەرگریکردن لە دۆزی نەتەوەکەمان و کارکردن لە ئاستێکی بەرزی پیشەیی، بە ئاراستەی بەرزڕاگرتنی پەیامی برایەتی، یەکسانی و ماف، هەموو ئەمانەش بەشێکن لە بەهاگەلی مرۆڤایەتی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگیرییان دەکات. پێویستە ئەوەش بڵێین، لە نێو میدیا و ڕۆژنامەگەریی کوردیدا، کەناڵی ئەوتۆش هەن کە کارکردنیان لە ڕووی پیشەیی و بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە، لە ئاست خواستی خەڵک و ئیتیکی ڕۆژنامەوانیدا نییە، چونکە ڕووبەری کارکردنی خۆیان لە سەرزەمینی نەتەوە و نیشتمانەوە بۆ مەیدانێکی تەسکتر بردووە و گوتاریان وابەستەی گرووپ و دەستەی بچووکتر لە نەتەوە و خوارتر لە شکۆی نیشتمان کردووە.
بۆ ئەم یادە شکۆدارە، پیرۆزبایی گەرمی خۆمان ئاراستەی سەرجەم ڕۆژنامەنووس و میدیاکارانی کوردستان دەکەین. ئێمە هاوکار و پشتیوانی کار و پەیامی پیرۆزی ئەوانین، بەرپرسیارێتیی ئێمە و ئەوان و تەواوی خەڵکی کوردستان لە کڕۆکدا یەکە و ڕوو لە بەدیهێنانی مافی ئینسانیی نەتەوەیەک کار دەکەین. بە ڕێز و شکۆوە ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لە هەموو قۆناغەکاندا هەردەم بەشێک بوون لە تێکۆشانی نەتەوەکەمان بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و سەرفرازی.
بەرز و پیرۆز بێت جەژنی ڕۆژنامەنووسانی کوردستان.
بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی
22/4/2026