هەولێر -KDP.info- سکرتێری یەکێتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بە مەبەستی هاوکاریکردنی قوتابیان و کەمکردنەوەی بارگرانی دارایی لەسەر خێزانەکانیان، چەند داواکارییەکی فەرمیان ئاراستەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە.
پەیوەست بەو داواکاریانەوە شڤان مەحموود، سکرتێری یەکێتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "دوای کۆبوونەوەی سکرتاریەت و تاوتوێکردنی ڕەوشی ئێستای قوتابیان، بە نووسراوی فەرمی داوامان لە هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەردە کردووە کە داشکاندن لە کرێی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگاکان بکرێت، تاوەکو هاوکارییەکی ماددی قوتابیان بێت لەم بارودۆخەدا."
پەیوەست بە پڕۆسەی خوێندن و تاقیکردنەوەکانیش، شڤان مەحموود ئاشکرای کرد، "داوامان لە دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کردووە کە بۆ ئەمساڵی خوێندن، هەژمارکردنی وانەکانی (کوردی و عەرەبی) لە کۆنمرەی کۆتایی قوتابیاندا بکرێتە ئارەزوومەندانە، ئەمەش وەک ڕەچاوکردنی بارودۆخی ئێستا."
سکرتێری یەکێتی قوتابیان جەختی لەوەش کردەوە کە ناوچەکە بە دۆخێکی ئاڵۆزدا تێپەڕ دەبێت، بۆیە پێویستە زانکۆ و پەیمانگاکان زیاتر هاوکاری قوتابیان بن. گوتیشی، "وەک یەکێتی قوتابیان بەردەوام بەدواداچوون بۆ ڕەوشی پرۆسەی خوێندن دەکەین و لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی قوتابیان."
قائید میرۆ