هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٦/٤/٢٠، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەردی بناغەی پڕۆژەی دروستکردن و فەرشکردنی شەقامەکانی قەرەبووی ڕەشکینان لە گەڕەکی گوڵان بە گوژمەی ٣١٩ ملیۆن دینار دانرا.
پڕۆژەکە کە لەسەر داهاتی ١٥٪ی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر جێبەجێ دەکرێت، پێکهاتووە لە فەرشکردنی چینی یەکەمی تێکەڵە بە ڕووبەری ٣٤ هەزار مەتر دووجا، لێدانی ٧١٠٠ مەتر کێربستۆن و فەرشکردنی چینی دووەمی قیڕ بە ڕووبەری ٢٧ هەزار مەتر دووجا. ئەم پڕۆژەیە دەکەوێتە شوێنێکی ستراتیژی لە نێوان شەقامی تێرمیناڵی هەولێر و شەقامی کۆرنیش، کە ڕۆڵێکی گرنگی دەبێت لە ئاسانکاریی هاتووچۆی هاووڵاتییان.
لە پەراوێزی مەراسیمەکەدا، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "سەرەڕای ئەو دۆخە داراییە سەختەی ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام بەهۆی چاودێری و پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کاروانە خزمەتگوزارییەکان و پڕۆژەکان بەردەوامییان هەیە."
پارێزگاری هەولێر جەختیشی کردەوە کە حکوومەتی هەرێم پێداگیرە لەسەر گەیاندنی دەستی ئاوەدانکردنەوە بۆ هەموو ناوچەکان بەبێ جیاوازی و تەرخانکردنی بودجە لەم کاتەدا نیشانەی خەمخۆریی حکوومەتە بۆ باشترکردنی ژێرخانی شارەکە. لە کۆتاییدا سوپاسی وەزارەتی شارەوانی و تیمە ئەندازیارییەکانی کرد بۆ هەوڵە ماندوونەناسییەکانیان لە پێناو جێبەجێکردنی پڕۆژەکان لە کاتی دیاریکراوی خۆیاندا.