ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە توندی سەرکۆنەی بەردەوامیی ھێرشەکانی سەر ھەرێمی کوردستان دەکات و ڕایگەیاند، بەھۆی ئەو ھێرشانەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پێنج کەس شەھید بوون. ھاوکات داوای کەرەستەی پێویست بۆ پاراستنی کوردستان و ژێرخانی وزە دەکات.
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
بە توندترین شێوە ھێرشەکانی سەر ھەرێمی کوردستان شەرمەزار دەکەین کە ھەرچەندە ئێمە بەشێکیش نەبووین لەو شەڕە، کەچی ھێرشەکان لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ھەر بەردەوام بوون.
سەرەڕای ئاگربەست و دانوستانەکان، کەچی بەھۆی ھێرشەکانی ئەم چەند ڕۆژانە، پێنج کەس شەھیدبوون و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون، ئەمەش ھەوڵێکە بۆ تێکدانی ئاگربەست و زیان گەیاندنی زیاتر بە ناوچەکەمان.
دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە حکوومەتی فیدراڵ ڕێوشوێنی کردەیی بگرێتەبەر بۆ کۆتاییھێنان بەم ھێرشانە و داوا لە ھاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان دەکەین کە کەرەستەی پێویست بۆ پاراستنی کوردستان و ژێرخانی وزە ، لەم ھەڕەشە بەردەوامانە دابین بکەن.
مەسروور بارزانی
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان
٢٠٢٦/٤/١٨