ئانتالیا-KDP.info- پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ھەینی ٢٠٢٦/٤/١٧ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە میانی کارنامەکەیدا لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئانتالیا، لەگەڵ بەڕێز ھامیش فالکۆنەر، وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری دەرەوە، کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ بەریتانیا، دوایین پێشھاتەکانی دۆخی سیاسی و پرۆسەی پێکھێنانی حکوومەت لە عێراق و ھەرێمی کوردستان تاوتوێ کران. ھەردوولا جەختیان لە گرنگیی تەبایی و یەکڕیزیی لایەنە کوردستانییەکان کردەوە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان و تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان.
تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە، دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە و لێکەوتەکانی شەڕ و ڕەوشی سووریا بوو. لەمبارەیەوە وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا سوپاسی ڕۆڵی ئەرێنیی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی کرد لە ھەوڵەکانی بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە عێراق و سووریا.
ھەردوولا ھاوڕا بوون لەسەر ئەوەی کە تەنیا لە ڕێگەی دیپلۆماسی و ئاشتییەوە دەتوانرێت کێشەکان چارەسەر بکرێن و ناوچەکە لە مەترسیی پێکدادانی زیاتر بپارێزرێت.