هه‌ولێر-KDP. info- ڕاوێژكاری بواری ژینگه له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ده‌ڵێت "له هه‌رێمی كوردستان ته‌نیا ڕۆژی ژینگه‌ی كوردستان نیه، به‌ڵكو حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به كردار كاری كردووه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو ڕۆژه‌كانی ساڵ ببنه ڕۆژی ژینگه."
ئه‌ندازیار عه‌بدولڕه‌حمان سدیق، ڕاوێژكاری بواری ژینگه له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی "له كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه، ژینگه‌ی كوردستان گه‌وره‌ترین سه‌رمایه‌ی هه‌رێمه، هه‌ر ئه‌مه‌ش هه‌مووانی پابه‌ند كردووه بۆ بره‌ودان به ڕۆشنبیریی ژینگه‌یی و كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌ترسییه ژینگه‌ییه‌كان، بۆیه له‌و ڕۆژه‌وه‌ی به‌پێی بڕیاری په‌رله‌مانی كوردستان، ڕۆژی (16)ی نیسانی هه‌موو ساڵێك كراوه‌ته ڕۆژی ژینگه له هه‌رێمی كوردستان، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام هه‌وڵی داوە ڕۆژی ژینگه له هه‌رێمی كوردستان ته‌نیا یەک ڕۆژ نه‌بێت بۆ باسی ژینگه، به‌ڵكو كاری كردووه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو ڕۆژه‌كانی ساڵ ببنه ڕۆژی ژینگه."
ئه‌ندازیار عه‌بدولڕه‌حمان سدیق گوتیشی "حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م بۆنه‌یه ببێته ده‌رفه‌تێك بۆ بیرخستنه‌وه‌ی هاووڵاتییان بۆ دروستكردنی ڕۆشنبیریی و هۆشیاریی زیاتر له بواری ژینگه‌پارێزیی و بره‌ودان به ڕۆڵی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانیی له گۆڕینی هه‌ڵوێسته‌كانیان به ئاراسته‌ی پاراستنی ژینگه و سه‌رنجدانی به‌رپرسانی حكوومی به‌لای پرسه‌كانی ژینگه و پابه‌ندكردنی هاووڵاتییان به یاسا و ڕێنماییه ژینگه‌ییه‌كانه‌وه."
ده‌شڵێت "حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كار ده‌كات بۆ بایەخدان بە پاراستن و گەشەپێدانی سه‌رچاوه‌كانی وزه و پاراستنی ئاسایشی ئاو و دانانی سیستمێكی نوێ بۆ ئاوه‌ڕۆكان و دانانی میكانیزمی نوێ بۆ چارەسەرکردنی پاشماوه و پاشه‌ڕۆكان و زیادكردنی ڕووبه‌ری سه‌وزایی و ته‌واوكردنی پشتێنه‌ی سه‌وز و به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر پڕۆژه‌ی ڕووناكی کە پڕۆژەیەکی دۆستی ژینگە و دابینكردنی سه‌رچاوه‌كانی وزه‌ی خاوێنە."
بڵند ئیبراهیم