لالش-KDP.info- پەرستگەی لالش وەک کۆنترین پەرستگەی ئێزدییەکان لە کوردستان و جیهان، ساڵانە لە وەرزی بەهاردا چەندین ڕێوڕەسمی ئایینی و کلتووری تێدا بەڕێوە دەچێت کە زۆربەیان پەیوەستن بە نوێبوونەوەی سروشت و مرۆڤایەتییەوە.
پیر خەڵات، یەکێک لە خزمەتکارانی پەرستگەی لالش و کەسایەتییەکی ئایینی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''ئێزدییەکان لە کۆنەوە باوەڕیان بە یەکیەتیی خودا هەبووە و ڕێوڕەسمەکانیان لە مانگەکانی ئادار و نیسان گەیشتووەتە لووتکە، لەوانە (سەڤەرا نان و ماست، سەڤەرا قۆلان، کڤاشتنا زەیتوونان و جەژنی سەری ساڵ).
گرنگترین ڕێوڕەسمەکانی وەرزی بەهار لە لالش:

سەڤەرا نان و ماست: لە مانگی ئاداردا، هەموو ماڵێک ڕۆژێک تەرخان دەکات بۆ ئەم ڕێوڕەسمە و نان و ماستەکەیان بە ئاوی (کانی سپی) مۆر دەکەن بە مەبەستی زیادبوونی بەرەکەت و نیعمەت.
سەڤەرا قۆلان: بە سەرپەرشتی (بابی گاڤان) و بە بەشداری خزمەتکارانی لالش بەڕێوە دەچێت، تێیدا سێ ڕۆژ خزمەتکاران (قۆل) دەکێشن (دوو ڕۆژ بۆ گزرا شێخادی و ڕۆژێک بۆ گزرا شێشمس).
جەژنی مەلک زێن: لەم ڕۆژەدا بڕینی داری سەوز قەدەغەیە و گوناهێکی گەورەیە، چونکە ئایینی ئێزدی بایەخێکی زۆر بە پاراستنی ژینگە دەدات.
گوشینی زەیتوون (کڤاشتنا زەیتوونان): ئەو زەیتوونانەی لە پایزدا کۆکراونەتەوە، لە سەرەتای نیساندا دەگوشرێن و دەکرێنە زەیت. ئەم زەیتە بۆ هەڵکردنی ٣٦٥ چرای پەرستگەی لالش بەکاردێت کە ڕۆژانە وەک سیمبولی ڕووناکی دادەگیرسێنرێن.
جەژنی سەری ساڵ (چارشەمبا سۆر):

پیر خەڵات ئاماژەی بەوەش کرد، کە جەژنی سەری ساڵ کۆنترین جەژنی ئێزدییەکانە و پەیوەندی بە دروستبوونی جیهانەوە هەیە. ئەم جەژنە بەپێی ساڵنامەی ڕۆژهەڵات دەکەوێتە یەکەم چوارشەممەی مانگی نیسان و تێیدا پەرستگەی لالش دەبێتە چەقی مەراسیمە گەورەکان.
ئامادەکردنی- دڵگەش باعەدری