هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ئاشکرای دەکات کە گەشتە ئاسمانییەکان لەگەڵ وڵاتانی جیهان ئاسایی بوونەتەوە و ئاماژە بەوەش دەدات کە جووڵەی فڕۆکەوانی وردە وردە ڕوو لە زیادبوونە.
ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای بڕیاری دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق، لە ئێستادا گەشتە ئاسمانییەکان ئاسایی بوونەتەوە و ڕۆژانە بەپێی ئەو ڕەزامەندییانەی وەردەگیرێن، گەشت لەگەڵ وڵاتان ئەنجام دەدرێت."
گوتیشی: "هەرچەندە لە ئێستادا ناتوانرێت ئامارێکی وردی ڕۆژانە دیاری بکرێت، بەڵام دۆخەکە بەرەو باشتربوون دەچێت و گەشتەکان وردە وردە زیاتر دەبن تاوەکو بە تەواوی دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە."
ئەم ئاساییبوونەوەیەی گەشتەکان لە کاتێکدایە کە دەبێتە هۆی بووژانەوەی زیاتری کەرتی گەشتیاری و بازرگانی و ئاسانکارییەکی زۆر بۆ هاووڵاتییان و گەشتیاران لە هەرێمی کوردستان دەڕەخسێنێت.
بڵند ئیبراهیم