هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان لەبارترین ناوچەیە بۆ گەشتیاران، پلانیان هەیە لە ڕێگەی چەندین کۆڕبەند و هەماهەنگی لەگەڵ ٦٠٠ کۆمپانیای گەشتیاری، کەرتی گەشتوگوزار زیاتر ببووژێننەوە.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''ئێستا دەستە سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ قۆناغی دوای ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە. چەندین کۆڕبەند و کۆبوونەوە بۆ گێڕانەوەی گەشتیاران بەڕێوە دەچن، چونکە بەراورد بە وڵاتانی ناوچەکە، ڕەوشی هەرێمی کوردستان زۆر لەبارتر و ئارامترە بۆ گەشتیاران.
گوتەبێژی دەستە ئاماژەی بە ڕۆڵی کۆمپانیاکان کرد و گوتی، ''لەگەڵ ٦٠٠ کۆمپانیای گەشتیاری لە کوردستان هەماهەنگی دەکەین بۆ ئەوەی ئەم کەرتە گەشەی زیاتر بکات. لە ساڵانی ڕابردووشدا ژمارەیەکی زۆری پڕۆژە جێبەجێ کراون کە کاریگەرییان لەسەر ژێرخانی گەشتوگوزار هەبووە، ئامانجمانیش ئەوەیە لە هەر چوار وەرزی ساڵدا گەشتیاران ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەن.
ئیبراهیم عەبدولمەجید ڕوونیشی کردەوە، زۆربەی ئەو گەشتیارانەی دێنە هەرێم، گەشتیاری ناوخۆی عێراقن، هەر بۆیە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە وەک وڵاتانی دیکە کاریگەریی نەرێنی گەورەی نەکردووەتە سەر ئەم کەرتە. گوتیشی، ''وەک دەستە پلانی وردمان بۆ قۆناغی داهاتوو هەیە و زۆر گەشبینین بە بووژانەوەی زیاتری گەشتوگوزار.
قائید میرۆ