هەولێر-KDP.info- سەرۆک بارزانی بەبۆنەی هەڵبژاردنی مار پۆڵسی سێیەم نۆنا وەک پاتریارکی نوێی کەنیسەی کلدانی لە جیهان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستە کرد.
ئەمەش دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەك پاتریاركی تازەی كەنیسەی كلدانی لە جیهان پیرۆزباییەكی گەرم ئاراستەی پاتریارك مار پۆڵسی سێیەم نۆنا و هەموو پەیڕەوانی كەنیسەی كلدانی لە كوردستان و عێراق و جیهان دەكەم و هیوای سەركەوتنی بۆ دەخوازم. هیوادارم ئەو هەڵبژاردنە ببێتە هۆی قووڵتربوونەوەی ڕۆحی پێكەوەژیان و لێبوردەیی لەنێوان پێكهاتەكانی عێراق و كوردستان.
هەر بەم بۆنەیەوە پاڵپشتیی خۆمان بۆ ماف و داواكارییەكانی خوشك و برایانی كریستیان و سەرجەم پێكهاتە ئایینیەكانی تری عێراق و كوردستان دووپات دەكەینەوە و بە دڵنیاییەوە كوردستان وەك هەمیشە پارێزەری فەرهەنگی پێكەوەژیان و برایەتی و تەبایی نێوان هەموو پێكهاتەكان دەمێنێتەوە.
مسعود بارزانی
13ی نیسانی 2026