ھەولێر-KDP.info- وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، ئەو قوتابخانانەی پڕۆگرامی خوێندنیان تەواو کردووە دەست بە تاقیکردنەوەکانی وەرزی دووەم دەکەن بە مەرجێک چواری ئایار دوایین ڕۆژی تاقیکردنەوەکان بێت.
سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەسەڵات دەداتە ئەو قوتابخانانەی پڕۆگرامی خوێندنیان تەواو کردووە، دەست بە تاقیکردنەوەکانی وەرزی دووەم بکەن بە مەرجێک چواری ئایار دوایین ڕۆژی تاقیکردنەوەکان بێت.
وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە ڕوونیشیکردەوە، وەزارەتی پەروەردە لە دوو ڕۆژی داھاتوودا ساڵنامەی ھەموارکراوی خۆی بۆ پۆلی نۆی بنەڕەتی و ١٢ی ئامادەیی ڕادەگەیەنێت، بۆیە داوا لەو قوتابخانانە دەکات تاقیکردنەوەی ٢٠ نمرەییان نەکردووە کاتیان ماوە و ئێستا دەتوانن بیکەن.
سامان سیوەیلی وتیشی، قوتابیانی پۆلی ١٢ دڵنیا کردەوە، لە نێوان تاقیکردنەوەکانی وەرزی دووەم و تاقیکردنەوەی وەزاری ٤٠ ڕۆژیان بۆ خوێندن دەبێت و وەک ھەموو ساڵێک دەبێت و پێویست بە دوو دڵی ناکات و پڕۆگرامی خوێندنی پۆلی ١٢ کەم ناکرێتەوە.
بڵند ئیبراھیم