هەولێر -KDP. info- هۆشیار سیوەیلی بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوە پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی ڕێکخراوی ئۆیکۆسی ئەڵمانیا کرد.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە دوایین پێشهات و ڕووداوەکانی ناوچەکە و کاریگەرییانی لەسەر هەرێمی كوردستان بۆ شاندی میوان باسکرد و دیدگای پارتی دیموکراتی کوردستانیشی لەسەر باردۆخ و پێشهاتەکان خستە ڕوو، لەو میانەیەدا پەیوەندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق و ئارامی و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتەکانی کوردستان و ئەو ژینگە لەبارەی کە لە کوردستان ڕەخساوە بۆ ئازادی و پێشکەوتن تاوتوێ کرا.
گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و داهاتووی ئاسایشی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو. هوشیار سیوەیلی جەختی لە هەڵوێستی ڕوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە کە بێ لایەنیە. سەرەڕای ئەو زیان و موشکەبارانە باوەڕی تەواوی بە ئاشتییەکی بەردەوام هەیە، بۆ ئەمە دیپلۆماسی تاکە ڕێگای چارەسەرە. بە داخەوە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی نایاسایی و هەڕەشەئامێز لەلایەن ئێران و میلیشیا عێراقییە لەیاسا دەرچووەکان کرایە ئامانج، ئەمەش لە ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەوە بەتووندی مەحووکم کرا.
لەگەڵ بەردەوامبوونی نادڵنیایی و نەبوونی ڕێککەوتنی ئاشتیی ڕوون، هەموو لایەنەکان هاوڕا بوون کە دۆخەکە دەتوانێت بگاتە قۆناغێک کە زەحمەتی زیاتر بۆ ناوچەکە و جیهان بهێنێت، بۆیە پێویستی بە گفتوگۆی بەردەوام و سەرکردایەتیی بەرپرسیارانە هەیە تاکو سەقامگیری و ئاسایش بەدەستبێت.
شاندی میوان سوپاسی گەلی کوردستان و جەنابی سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد بۆ پشتیوانی و هاوکاری و مانەوەی کوردستان وەکو ناوچەیەکی ئارام بۆ تەواوی پێکهاتە ئاینی و مەزهەبی و نەتەوەییەکان.
کوردستان مۆدیلێکی پێشکەوتوو و هاوچەرخە، زۆر گرنگە و پێویستە لە تەواوی ناوچەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرەی پێبدرێت. بێگومان ئازادی و ڕێزگرتنی یەکدی و لێبوردەیی بەشێکی گرنگ و دانەبڕاوی کەلتووری ڕاستەقینەی گەلی کوردستانە.
لەکاتێکدا تەنگژەی ناوچەکە بووەتە هۆکاری ناسەقامگیری زیاتر بۆ هەمووان و بەتایبەتی بۆ هەندێک لە پێکهاتەکان، هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە پەیامی ڕوون و ڕاشکاوی خۆی کە کوردستان نیشتمانی هەمووانە و پێوستە بە هەمووان بیپارێزین و داوای پشتیوانی زیاتری بۆ بکەین بۆ ئەوەی بتوانێت گەشەی زیاتر بکات، فرەیی و هاوبەشیی کۆمەڵایەتیی بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە و سەرچاوەیەکی هیوابەخشە بۆ ناوچەکە.