بەغدا-KDP.info- فراکسیۆنی پارتی بایکۆتی دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دەکات و جەخت لە پاکێجێکی گشتگیر بۆ سەرۆکایەتییەکان دەکاتەوە، بەو پێیەی هەر هەنگاوێک لە دەرەوەی سازان و شەراکەتی نیشتمانی، بە پاشەکشەیەکی مەترسیدار لە بنەما دەستوورییەکان و ئاڵۆزکردنی زیاتری پڕۆسەی سیاسی دەزانێت.
دەقی ڕاگەیاندراوی فراکسیۆنی پارتی:
ھەوڵدان بۆ سەپاندنی ئەمری واقیع و تێپەڕاندنی دانیشتنی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەبێ گەڕانەوە بۆ بنەماکانی سازان و ھاوبەشی، پشتگوێخستنی جەوھەری شەراکەتی نیشتمانی، پاشەکشەیەکی مەترسیدارە لەو لێکتێگەیشتنە دەستوورییانەی کە پڕۆسەی سیاسیی وڵاتیان لەسەر بونیاد نراوە.
لێرەوە بە ڕاشکاوی ڕایدەگەیەنین، پۆستی سەرۆک کۆمار و کاندیدی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، دوو پرسی نیشتمانیی دانەبڕاون و دەبێت وەک یەک پاکێجی تەواوکار، لە چوارچێوەی سازان و دیالۆگێکی جدی و گشتگیردا یەکلایی بکرێنەوە، نەک لە ڕێگەی پەراوێزخستنی ھاوبەشە سەرەکییەکان یان فەرزکردنی کاندیدەکان بەبێ ڕێککەوتنی پێشوەختە.
لەسەر ئەم بنەمایە و لەپێناو پاراستنی ڕێڕەوی دەستووری و دڵنیابوونەوە لە بەردەوامیی پڕۆسەی سیاسی، بڕیارماندا بە بەشدارینەکردنی خۆمان لە دانیشتنی سبەینێدا، و جەخت دەکەینەوە کە ھەر ھەنگاوێک لە غیابی سازانی نیشتمانیدا، تەنھا دەبێتە ھۆی ئاڵۆزکردنی زیاتری دیمەنە سیاسییەکە و بەرەو نادیاری دەبات.
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان
ئەنجومەنی نوێنەران
١٠ی نیسانی ٢٠٢٦