هەولێر-KDP.info- پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 4/7، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە گوندی زورگەزراو، ئامادەی ڕێورەسمی پرسەی هەردوو شەهید مووسا ئەنوەر و موژدە ئەسعەد بوو کە ئەمڕۆ لەئەنجامی هێرشێکی درۆنی ئێراندا شەهید بوون.
سەرۆکی حکوومەت پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆی بە بنەماڵە و کەسوکاری هەردوو شەهیدەکە گەیاند.
سەرۆکی حکوومەت لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، جارێکی دیکەش بێ پاساو هێرش کرایە سەر خەڵکی بێ تاوانی کوردستان، دوو هاوژین شەهید بوون کە جێی داخی هەموو لایەکمانە، سەرەخۆشی لە جەنابی سەرۆک بارزانی و هەموو خەڵکی کوردستان دەکەین.
سەرۆکی حکوومەت دووپاتیشی کردەوە ئەمە چەندین جارە بەبێ هۆ و پاساو، هێرش دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان، بە دڵنیاییەوە ئەوەی دەستی بە خوێنی گەلەکەمان سوور بێت دوور یان نزیک بە سزای خۆی دەگات، ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر رێبازی شەهیدانمان بۆ ئازادی و سەربەرزی گەلەکەمان، هەروەها لە پاراستنی خاک و وڵاتمان بەردەوام دەبین. سوپاسی پشوودرێژی و پشتیوانیی خەڵکی کوردستان دەکەین و هیوادارین ئەم شەڕ و گرژی و ناخۆشییە کۆتایی بێت و خەڵکی ئێمە بە ئاواتی دێرینی خۆی بگات.
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەش دا کە بە داخەوە حکوومەتی فیدراڵ هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەناوە بۆ ڕاگرتنی ئەو هێرشانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان کە بەرپرسیاریەتی گەورە دەکەوێتە سەر شانی حکوومەتی فیدراڵ بۆ ڕاگرتنی ئەم هێرشە تیرۆریستیانە.