Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
WED, 26 AUG 2026 22:28 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

سوپاس ڕۆژئاوا
| KDP.info


زكری مووسا

هەر لە دەستپێكی شەڕی نێوان ئەمەریكا و ئیسراییل لە لایەك و ئێران لە لایەكەی تر، هەرێمی كوردستان بووەتە ئامانجی هێرشە ناڕەواكانی گرووپە میلیشیاكانی ناو عێراق، هێرشەكان ناڕەوا و بێ پاساون  و شەڕفرۆشتنی ئاشكرا و جاڕدانی دوژمنایەتییەكی نەتەوەیی و تاییفین. سەرەتا هێرشەكان بە بیانووی بوونی هێزی ئەمەریكی لە هەرێمی كوردستان و بۆسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا بوون بەڵام ئێستا لە كردەدا شێوەی هەڕەمەكی وەرگرتووە و هەموو ژێرخان و گەڕەك و خانوو و شەقام و هاووڵاتییەكی هەرێمی كوردستان دەكەنە نیشان. ئەمە هەوڵێكی زۆر ڕوونی میلیشیاكانە بۆ تێوەگلاندنی خەڵكی كوردستان لە شەڕێكدا كە هیچ پەیوەندی بە  كوردستان و تەنانەت عێراقیشەوە نیە.

لە بێدەنگی و بێ هەڵوێستیی حكوومەتی عێراقی لە بەرانبەر ئەو زوڵمە ناڕەوایەدا، دانبەخۆداگرتنی هەرێمی كوردستان و هەوڵدان بۆ ئەوەی كوردستان نەبێتە بەشێك لەو ئاڵۆزی و گرژییانە جێگەی دەستخۆشییە. ئارامی و سەقامگیریی كوردستان بە هەر نرخێك بێت دەبێ بپارێزرێت، ئەمە ستراتیژ و سیاسەتە دروستەكەیە.

هاوتەریب لەگەڵ ئەو تاریكی و هەڕەشانەی ڕۆژانەی دژی هەرێم، دیمەنێكی ڕووناكیش هەیە، لە بەشێكی تری كوردستان جۆش و خرۆشێكی ڕەسەن و خۆماڵیی كورد بۆ پاڵپشتیكردنی هەرێمی كوردستان لەئارادایە. لە كۆڵان و شەقام و گەڕەك و ناو ماڵی كوردان لە قامیشلۆ و عەفرین و دێركێ و عامودێ و كۆبانێ و حەسەكێ و شار و شارۆچكە و گوندەكانی تری ڕۆژئاوای كوردستان، لەناو دڵی ئافرەت و پیاو و پیر و گەنج و منداڵ هاوسۆزییەكی ڕەسەن هەیە بۆ پاڵپشتیكردنی هەرێمی كوردستان. لەوێ ئەوان بە شێوەیەكی بەرچاو و ڕۆژانە دەچنە سەر شەقامەكان و دەنگی پشتیوانیی خۆیان بۆ هەرێمی كوردستان و سەرۆك بارزانی بەرز دەكەن. چەند مانگ بەر لە ئێستا خوشك و برایانیان لە هەرێمی كوردستان و ئەوروپا بۆ پاڵپشتیكردنی ڕۆژئاوا هاتنە سەر شەقام و ئێستاش ئەوان بۆ پشتیوانیكردنی خوشك و برایانیان لە هەرێمی كوردستان دێنە سەر شەقام و دەنگی پشتیوانیانی و هاوسۆزیان هەڵدەبڕن.  ئەمە نیشانەی زیندوویەتیی ڕۆحی كوردایەتیە و هاودەنگیی نەتەوەییە. تێكڕای ڕووداوەكان، هەموو هێزەكان و ئەو كڵێشە شەڕانگێزانەی لە ناوچەكەماندا هەیە نەیانتوانیوە كار لەسەر ئەوە بكەن كورد لە ئامانج و ئاواتەكانیان دابڕێنن. سنوورە سیاسییە سەپێندراوەكان دوای سەدەیەك نەیاتوانیوە هەستی نەتەوەیەك خامۆش بكەن كە ئاشتی و پێكەوەژیان و دادپەروەریی دەوێت.

لێرەدا پێویستە تاك تاكی ئێمە پێزانین و سوپاسمان بۆ كوردانی ڕۆژئاوا هەبێت؛ بۆ ئازایەتییان، بۆ هەڵوێستیان، و بۆ ئەوەی سەرباری ئەو دۆخە سەختەی كە تێیدا دەژیین بەڵام چركە بە چركە دڵیان بۆ هەرێمی كوردستان لێ دەدات. ئەم  یەكدەنگی و یەكگرتووییە هێزی سەرەكیی گەلی كوردە لە هەموو پارچەكان و بە دڵنییاییەوە كاریگەریی لەسەر ڕەوتی ڕووداوەكان و مانەوەی دۆزی گەلی كوردستان بەجێ دەهێڵێت. داهاتوو تژییە لە ڕووداوی گەورە و كرانەوە و ڕووناكی، بۆیە پێویستە ئەو ڕۆحە هاوبەشەی گەلی كوردستان هەبێت و بەهێزتر بێت.

 

 بژی دەنگی دلێری ڕۆژئاوا و بژی یەكگرتوویی گەلی كوردستان




دوایین هەواڵەکان

نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە یەکخستنی هێزەکانی هەسەدە و سوپای سووریا دەکات

WEDNESDAY, 26 AUGUST 2026 22:08:00

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، "پێشوازی لەو پێشکەوتنە گەورەیە دەکەم کە لە پرۆسەی تێکەڵکردنی ھێزەکانی سووریای دیموکرات (ھەسەدە) لەگەڵ ھێزە حکومییەکانی سووریادا بەدەستھاتووە."

 
جەنەڕاڵ شنایدەر: بۆ ئایندە لەگەڵ ھێزەکانی پێشمەرگە پلانی تۆکمە و نوێمان دەبێت

WEDNESDAY, 26 AUGUST 2026 21:08:00

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٦ی ئابی ٢٠٢٦، فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، بە ئامادەبوونی جێگرانی سەرۆکی ئەرکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان و ئیدارە و میرە، پێشوازی لە جەنەڕاڵ گەنتەر شنایدەر، بەڕێوەبەری گشتی ھێزە چەکدارەکان لە وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا و کۆڵۆنێڵ ئۆستن پیچا، فەرماندەی ھێزەکانی ئەڵمانیا لە ھەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەریان کرد.

"ئەنفال نەشیا مە ژناڤببەت، ئەم بهێزتر ڤەژیاینەڤە"

WEDNESDAY, 26 AUGUST 2026 18:08:11

دھۆک-KDP. info-  ئەڤرۆ ٢٦ێ تەباخا ٢٠٢٦ێ، ڕێڤەبەرییا گشتی یا شەهید و ئەنفالکریان ل دهۆکێ و سەنتەرێ ڤەکۆلینێن جینۆسایدێ ل زانکۆیا دهۆک، ڕێوڕەسمەکێ شایستە ب هەلکەفتا ٣٨ مین سالیادا تاوانا ڕەش یا ئەنفالێن بەهدینان ل هۆلا کۆنفرەسان هاتە ڕێکئێخستن.

 
سەرۆک بارزانی پێشوازی لە سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق و شاندێکی یاوەری دەکات

WEDNESDAY, 26 AUGUST 2026 16:08:19

ھەولێر-KDP. info-  ڕۆژی چوارشەممە 26ی ئابی 2026 لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز دکتۆر محەمەد عەلی ئەللامی سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.

 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرۆکی دەستەی دەستپاکیى فیدراڵی دەکات

WEDNESDAY, 26 AUGUST 2026 16:08:45

ھەولێر-KDP. info-  نیوه‌ڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 2026/8/26، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز د. محەمەد عەلی مفتن، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیى فیدراڵی و شاندێکی یاوەری کرد.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact