هەولێر-KDP.info- ڕاوێژکارێکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ کاروباری ژینگە ڕایدەگەیەنێت، پاراستنی ژینگە لە وەرزی سەیراندا ئەرکێکی نیشتمانی و کۆمەڵایەتییە و داواش لە هاووڵاتییان دەکات وەک خاوەنی ژینگە ڕەفتار بکەن و پابەندی ڕێنمایییە تەندروستی و ژینگەیییەکان بن.
ئەندازیار عەبدولڕەحمان سدیق، ڕاوێژکار لە ئەنجومەنی وەزیران بۆ بواری ژینگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''سەیران و چوونە دەشتودەر بەشێکی گرینگی کلتووری کوردەوارییە، بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە، پاراستنی ئەو سروشتە جوانەیە کە سەرمایەی نەتەوەییمانە. پێویستە میدیا و ڕێکخراوەکان ڕۆڵی خۆیان بگێڕن لە بەهێزکردنی هەستی بەرپرسیارێتی لای تاک، تا هەر کەسێک خۆی بە پارێزەری ژینگەی کوردستان بزانێت.
عەبدولڕەحمان سدیق کۆمەڵێک ڕێنمایی ئاراستەی سەیرانکاران کرد و گوتی، ''پێویستە هاووڵاتییان لە کاتی سەیراندا پاشماوەی خۆراک جێنەهێڵن، دووربکەونەوە لە دروستکردنی ژاوەژاو و دەنگی بەرزی ڕادیۆ و هۆڕنی ئۆتۆمبێل، چونکە کاریگەریی نەرێنییان لەسەر دەروونی مرۆڤ و ژینگەی زیندەوەران هەیە. هەروەها جەختی کردەوە لە پاراستنی ڕووەک و درەختەکان و زیاننەگەیاندن بە دەغڵودانی جووتیاران و ڕەز و باخی هاووڵاتییان.
ڕاوێژکارەکەی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بە مەترسییەکانی پلاستیک کرد و داوای کرد سەیرانکاران دووربکەونەوە لە بەکارهێنانی سفره و قاپ و پهرداخی پلاستیك، لەبری ئەوە پەنا بۆ کەرەستەی دۆستی ژینگە بەرن.
لە کۆتاییی لێدوانەکەیدا، سدیق ڕوونی کردەوە کە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان پەرە بە چەمکی سەیرانی ژینگەیی بدەن و ڕۆڵی پۆلیسی دارستان و ژینگە و پۆلیسی گەشتیاری کاراتر بکرێت بۆ ڕێگریکردن لە هەر زیانێک کە بەر پێکهاتە سروشتییەکانی ژینگەی کوردستان دەکەوێت.
بڵند ئیبراهیم