هۆشیار سیوەیلی
ئەمڕۆ سی و پێنچ ساڵ بەسەر دەرچوونی بڕیارنامەی ٦٨٨ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکاندا تێدەپەڕێت، ئەو بڕیارنامەیەی بووە بنەما و هەوێنی لە دایکبوونی هەرێمی کوردستان و دامەزراندنی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
بڕیارنامەکە ڕێک مانگێک دوای ڕاپەڕینی جەماوەریی کوردستان و پێنج ڕۆژ دوای کۆڕەو دەرچوو، ڕاپەڕین لە پێنجی ئاداری ١٩٩١ لە ڕانیەوە دەستیپێکرد و لە ماوەی شازە ڕۆژدا زۆربەی شار و ناوچەکانی باشووری کوردستان بە کەرکووکیشەوە ڕزگار کران، بەڵام دوای ئەوەی ڕاپەڕینی دانیشتوانی خوارووی عێراق شکستی هێنا، سوپای بەعسی عێراقی پەلاماری کوردستانیان داو ویستیان ئەو تاوانە بەدناوەی ئەنفال و جینۆساید و کیمیاباران کە لە دەیەی هەشتاکان پێیان تەواو نەکرابوو تەواوی بکەن. هێرشەکە لە ئاسمان و زەوییەوە دەستی پێکرد و خەڵکی کوردستان لە ترسی گیانیان ڕوویان لە سنوورەکانی تورکیا و ئێران کرد چونکە هێشتا تارمایی تاوانەکانی ئەنفال و جێنۆساید لە بیرو بیرەوەری خەڵکی کوردستاندا نەڕەویبۆوە.
هەڵمەتی دڕندانەی سوپای دۆڕاوی بەعس بۆ سەر کوردستانی ئازاد و ڕزگارکراو دەستیپێکرد و لە ٣١ی ئاداری ئەو ساڵەدا سەدان هەزار هاووڵاتی ماڵ و حاڵیان جێهێشت و بەرەو گوند و چیاو سنوورەکانی تورکیا و ئێران کۆچیان کرد، کە دواتر بە کۆڕەوی یەک ملیۆنی ناسرا.
هەرچەندە ئەو کات شتێک بە ناوی تۆڕی کۆمەڵایەتی و ئەنتەرنێت نەبوو و گەلی کورد دەنگی بە ئاسانی بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەدەگەیشت، بەڵام تاوانەکە ئەوەندە گەورە بوو لە ماوەیەکی کەمدا هەواڵەکەی بە میدیاکانی جیهاندا بڵاوبۆوە. فەڕەنسا و تورکیا و ئێران لە ڕێگەی نوسراوەوە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی خۆیان دەربڕی و داوایانکرد حکوومەتی عێراق هێرشەکەی بۆ سەر کورد ڕابگرێت. فەڕەنسا کە لەو سەردەمەدا فڕانسوا مێتیراند سەرۆک بوو، پڕۆژە یاساکەی پێشنیازکرد و ئەمەریکا و بەریتانیا پشتیان گرت. مادام دانیال مێتیراند ڕۆڵی گەورەی هەبوو لە زەمینەسازی بۆ ئەو بڕیارەی فەڕەنسا هێندەی نەخایاند ئەنجوومەنی ئاسایش هاتە سەرخەت.
لە پێنجی نیسانی ١٩٩١ لە کۆبوونەوەی (٢٩٨٢) بە زۆرینەی دەنگ ئەنجوومەنی ئاسایش بڕیارنامەی ٦٨٨ی دەکرد. ئەو ئەندامانەی پشتگیری بڕیارنامەکەیان کرد بریتی بوون لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و بەریتانیا و یەکێتی سۆڤیەت و فەڕەنسا و نەمسا و بەلجیکا و ئیکوادۆر و ڕۆمانیا و کۆنگۆ و کۆتیڤوار. ئەو دەوڵەتانەش کە دژی بڕیارەکە بوون بریتی بوون لە یەمەن و کوبا و زیمبابۆی و هەریەک لە چین و هیندستان بێلایەن بوون.
هەرچەندە بڕیارنامەکە داوای دامەزراندنی (ناوچەی دژە فڕین) یان (نەوای ئارام)ی نەکردبوو، بەڵام سەرۆکوەزیران جۆن مەیجەر ڕۆڵی سەرەکی بینی لە ڕازیکردنی سەرۆک جۆرج دەبلیو بۆش تا هەر سێ وڵات (ویلایەتە یەکگرتووەکان و فەڕەنسا و بەریتانیا) پێکەوە ناوچەی دژە فڕین لە باکووری هێڵی پانی ٣٦ دابمەزرێنن و دواتر ئەم نەوای ئارامە بەشێکی زۆری کوردستانی گرتەوە. ئەم ناوچەیە لە بنکەی سەربازیی ئینجەرلیک لە تورکیا پارێزگاری لێدەکراو تا ساڵی ٢٠٠٣ بەردەوام بوو. ئۆپەڕاسیۆنەکە لەسەرەتادا بریتی بوو لە (ئۆپەڕاسیۆنی دابینکردنی ئارامی) کە تا کۆتایی کانوونی یەکەمی ١٩٩٦ بەردەوام بوو. لەم بەروارە بەدواوە ناوی ئۆپەڕاسیۆنەکە گۆڕا بۆ (ئۆپەڕاسیۆنی چاودێری باکوور) و فەڕەنسا لە ئۆپەڕاسیۆنەکە کشایەوە و ئەرکی پاراستنی ناوچەکە کەوتە ئەستۆی ئەمەریکا و بەریتانیا.
ئەو چەترە ئاسمانیە ڕێی خۆشکرد بۆ ئەوەی کوردستان دوای زیاتر لە ساڵێک لە ١٩ی ئایاری ١٩٩٢ هەڵبژاردن بکات و لە چواری تەمووزی هەمان ساڵدا یەکەم کابینەی حکوومەت دامەزرێنێت و هەرێمی کوردستان لە دایک ببێت وەک قەوارەیەکی دیفاکتۆ. ئەم قەوارەیە لە دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ عێراقدا بووە هەرێمێکی دەستووری لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدڕاڵی عێراقدا.
لە یادی دەرچوونی ئەم بڕیارنامە مێژووییەدا، سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی هەموو ئەو وڵات و کەسانە دەکەین کە لەو کات و ساتە پڕ لە ئازار و ناهەموارییەدا بەهانای گەلی کوردستانەوە هاتن و کوردستانیان پاراست.
