ھەولێر-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ٤ی نیسانی ٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی دکتۆر پشتیوان سادق بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای ھەولێر و ئایدن مەعروف وەزیری کاروباری پێکھاتەکان و ئومێد خۆشناو پارێزگاری ھەولێر و چیا ھەرکی یاریدەدەری مەکتەبی ڕێکخستن، ڕێوڕەسمی ساڵانەی بەرز ڕاگرتنی یادی (٤٦) ساڵەی شەھیدانی خوشک و برایانی کوردی فەیلی بەڕێوەچوو.
لە میانی مەڕاسیمەکەدا، دکتۆر پشتیوان سادق تیشکی خستەسەر ئەو مێژووە پڕ لە قوربانییەی کوردانی فەیلی و ڕایگەیاند: "جینۆسایدکردنی کوردانی فەیلی ھەمیشە لە یادگە و گیانی خەڵکی کوردستاندا دەمێنێتەوە، ئەوان بە ئاشکرا و بە بێویژدانانەترین شێوە شەھید و دەربەدەر کران، کە تا ئێستاش شوێنەواری ئەو برینە قورسە بە جەستەی نیشتمانەوە ماوە."

ھەروەھا جەختی لەوە کردەوە کە بەپێی دەستووری عێراقی نوێ، مەرجە حکوومەتی فیدڕاڵ قەرەبووی ھەموو ئەو زیانانە بکاتەوە کە بەر کوردانی فەیلی و پێکھاتەکانی تر کەوتووە، بەڵام بەداخەوە ھێشتا ڕەگێکی مێژوویی لە ڕەگەزپەرستی لە عێراقدا ماوە کە بڕوای بە مافی پێکھاتەکان و پێکەوەژیانی ئاشتییانە نییە.
لە کۆتاییدا دووپاتکرایەوە کە کوردانی فەیلی بەشێکی گرنگ و ڕەسەنی مێژووی شۆڕشی میللەتەکەمانن. حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە چاوی شکۆوە ڕێز لە گیانفیدایی و قوربانیانی فەیلی دەگرێت و لە ھەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ چەسپاندنی مافە دەستوورییەکانیان و قەرەبووکردنەوەیان لەلایەن حکوومەتی فیدڕاڵەوە.
