هەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە (67)ەمین ساڵیادی دەرچوونی ڕۆژنامەی (خەبات)دا، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرنووسەر و کادیر و کارمەندانی ڕۆژنامەکە دەکات و ڕایدەگەیەنێت، ڕۆژنامەی (خەبات) هەمیشە مایەی شانازیی ڕۆژنامەگەریی کوردی و بڵندگۆی داکۆکیکردن بووە لە بنەماکانی ئازادی.
دەقی پەیامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان:
پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی (67)ەمین ساڵیادی دەرچوونی ڕۆژنامەی (خەبات)هەڤاڵانی بەڕێز/ سەرنووسەر و ئەندامانی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن و کادیر و کارمەندانی ڕۆژنامەی (خەبات).
ئەمڕۆ ساڵیادی بە ئاشکرا دەرچوونی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی (خەبات)ە، ئەو ڕۆژنامەیەی جێدەستی لە کاروانی ڕۆژنامەگەریدا دیارە و یەکێکە لە ڕۆژنامە پێشەنگەکان، بۆیە هەمیشە مایەی شانازی ڕۆژنامەگەریی کوردی بووە، هەروەها لە ڕەوتی ڕاگەیاندن و میدیای کوردیدا خزمەتێکی زۆری بواری ڕۆشنبیریی و کولتووری نەتەوەیی و نیشتمانییەکانیشی کردووە.
ئەو ڕۆژنامەیە، وەکو یەکەمین ڕۆژنامەی ڕۆژانە و زمانحاڵی پارتیمان، بە دەستکەوتێکی دیکەی گرنگی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلەکەمان دادەنرێ، لەو ڕوانگەیەوە لە قۆناغە جیاجیاکاندا سەکۆیەکی داکۆکیکردن بووە لە بنەماکانی ئازادی ڕادەڕبڕین و بڵندگۆی بێ جیاوازی سەرجەم ڕۆشنبیران و نووسەران و ڕۆژنامەنووسان بووە.
تایبەتمەندیی ڕۆژنامەی (خەبات)، لەوەدایە کە پیشەوەرانە ئەو گوتار و ناسنامەیەی خۆی پاراستووە بۆ پەیڕەوکردنی بنەما و ئیتیکی ڕۆژنامەگەریی و گرتنەبەری ئاراستەیەکی ڕاست و دروست بۆ ڕەخساندنی زەوینەیەکی ئازاد بۆ گەیاندنی پەیامەکەی بە خوێنەرانی.
لەلایەکی دیکەوە ئەو ڕۆژنامەیە خاوەن مێژوویەکی دەوڵەمەندە و ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە لە ئەرشیفی سەروەرییەکانی نەتەوەکەمان دا و توانیویشیەتی وەک ڕۆژنامەیەکی ڕۆژانە و لە ڕێگەی پێگەی فەرمیی خۆی و ماڵپەڕە ئەلیکترۆنییەکەیەوە خزمەتێکی زۆری پرسە سیاسیی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئەدەبییەکان و نەریتی پێکەوەژیان بکات.
لەو بۆنەدا پیرۆزباییەکی گەرم لە ئێوەی هێژا و نووسەر و خوێنەرانی بەڕێز دەکەین و کار و چالاکی و ڕۆڵی گرنگی ئێوە بەرز دەنرخێنین و پشتیوانیی خۆمان بۆ بەرەوپێشچوونی ڕۆژنامەکە دووپات دەکەینەوە و هیوادارین بۆ لەمەودواش ڕۆڵی ئێوە بەسەر پانتایی میدیا و رۆژنامەوانیدا بەربڵاوتر و کاریگەرتر بێت.
سڵاو و دروود بۆ گیانی کەسایەتیی و نووسەر و کادیر و ڕۆژنامەنووسانی پێشەنگ، کە دڵسۆزانە ئەو کاروانە شکۆدارەیان بە ئەمڕۆ گەیاند.
هەردەم بەرز و پیرۆز بێت (67) ساڵەی دەرچوونی ڕۆژنامەی (خەبات).
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
4ی نیسانی 2026