هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری کاروباری هونەری لە دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، وردبینی بۆ داواکاریی قەزای مێرگەسۆر کراوە بۆ ئەوەی ببێتە پایتەختی ژینگە و سەرجەم مەرجەکانی تێدایە، لە ئێستاشدا ڕاپۆرتەکە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کراوە بۆ پەسەندکردنی کۆتایی.
ئازاد نووری عەوڵا، بەڕێوەبەری کاروباری هونەری لە دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''قایمقامیەتی قەزای مێرگەسۆر داواکارییەکی فەرمییان ئاراستە کردبووین بۆ ئەوەی مێرگەسۆر وەک پایتەختی ژینگە بناسێنرێت. ئێمەش دوای تاوتوێکردن و بەدواداچوونی مەیدانی، بۆمان دەرکەوت کە مێرگەسۆر سەرجەم مەرجە پێویستەکانی تێدایە، لەوانە: پاکوخاوێنی، پاراستنی ئاژەڵی کێوی، قەدەغەکردنی بڕینی دار و هەبوونی کلتوورێکی بەهێزی ژینگەدۆستی لە لایەن دانیشتووانەکەیەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، کە دەستەی ژینگە ڕاپۆرتی خۆی تەواو کردووە و بەرزی کردووەتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران تا بە فەرمی پەسەند بکرێت. گوتیشی، ''هەر کاتێک مێرگەسۆر بە فەرمی بووە پایتەختی ژینگە، کۆمەڵێک پڕۆژەی ستراتیژیی ژینگەیی لەو ناوچەیە جێبەجێ دەکرێن و گرنگییەکی زۆر زیاتر بە سروشت و ژینگەی ناوچەکە دەدرێت.
بەڕێوەبەری کاروباری هونەری لە دەستەی ژینگە گەشبینی خۆی نیشان دا و ڕایگەیاند، کە پێشبینی دەکرێت ئەنجومەنی وەزیران بە زوویی ڕەزامەندی لەسەر بدات، چونکە هیچ ڕێگرێکی تەکنیکی و ژینگەیی لەبەردەم ئەم بڕیارەدا نەماوە.
بڵند ئیبراهیم