هەولێر-KDP.info- سەرۆک بارزانی لە یادی 46 ساڵەی جینۆسایدكردنی كوردانی فەیلیدا پەیامێكی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، كوردی فەیلی لەژێر دەستەڵاتی شوومی ڕژێمی پێشووی عێراقدا ئازار و دەربەدەریی زۆریان بینیوە و هیچ مافێكیان پێ ڕەوا نەبینراوە. هەروەها دووپاتی کردەوە، ئەرکی سەرشانی دەوڵەتی عێراقە قەرەبووی ئازار و نەهامەتییەکانی خوشک و برایانی کوردی فەیلی بکات.
دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی:
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
چواری نیسان ڕۆژێكی خەمناكە لە ساڵنامەی گەلی كوردستان، یادی جینۆسایدكردنی خوشک و برایانی فەیلیە كە بەهۆی كوردبوونیانەوە ڕووبەڕووی چەوساندنەوە و كۆمەڵكوژی و زوڵم بوونەوە. كوردی فەیلی لەژێر دەستەڵاتی شوومی ڕژێمی پێشووی عێراقدا ئازار و دەربەدەریی زۆریان بینیوە و هیچ مافێكیان پێ ڕەوا نەبینراوە. شەهیدكردنی هەزاران گەنج و سەندنەوەی ناسنامە و دەركردنی دەیان هەزار خانەوادەی كوردی فەیلی بەشێک لە پیلان و ئەو سیاسەتە نامرۆڤانەیە بوو كە لە دژی گەلی كوردستان بە شێوەیەكی ڕێكخستوو و بە بەردەوامی لە لایەن ڕژێمی پێشووی عێراق ئەنجام دەدرا.
لەیادی چل و شەش ساڵەی جینۆسایدكردنی كوردانی فەیلیدا هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كوردی فەیلی و هەموو شەهیدانی کوردستان دەنێرین. ئەرکی سەرشانی دەوڵەتی عێراقە قەرەبووی ئازار و نەهامەتییەکانی خوشک و برایانی کوردی فەیلی بکات. لەو یادەدا ڕۆڵی تێكۆشەر و خەباتگێڕانی كوردی فەیلی لە پاڵپشتیكردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان هەرگیز لەیاد ناكرێت و كوردی فەیلی هەمیشە بەشێكی ئازیزی گەلی كوردستانن.
مسعود بارزانی
4ی نیسانی 2026