هەولێر-KDP.info- مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵیادی جینۆسایدی کوردانی فەیلیدا پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات بەرپرسیاریەتیی یاسایی و دەستووریی خۆی لە ئەستۆ بگرێت بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان.
دەقی پەیامەکەی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:
لە چل و شەشەمین ساڵڤەگەڕی شاڵاوەکانی جێنۆسایدکردنی کوردی فەیلی، کە بووە هۆی شەهیدکردن و دەرکردن و بێسەر و شوێنکردن و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و سامانی سەدان هەزار کوردی فەیلی لەلایەن ڕژێمەکانی پێشووی عێراق، بەتایبەتی ڕژێمی بەعس، دووپاتی دەکەینەوە، کە پێویستە حکوومەتی فیدراڵ، ئەرک و بەرپرسیاریەتی یاسایی و دەستووریی خۆی لە ئەستۆ بگرێت و بە شێوەیەکی شایستە، بنەماڵە و کەسوکاری شەهید و زیانلێکەوتووانی کوردی فەیلی و شەهیدانی کیمیاباران و ئەنفالکراوان و گشت زیانلێکەوتووانی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق قەرەبوو بکاتەوە.
لەم یادە خەمناکەدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردی فەیلی و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین.
مەسروور بارزانی
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٦/٤/٤