ھەولێر-KDP.info- بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی ڕۆژنامەی(خەبات)، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرنووسەر و سەرجەم کادیر و ھونەرکار و کارمەندان لە ڕۆژنامەی خەبات دەکات.
دەقی پەیامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی بۆ ساڵیادی دامەزراندنی ڕۆژنامەی(خەبات)
بەڕێزان / سەرنووسەر و سەرجەم کادیر و ھونەرکار و کارمەندان لە ڕۆژنامەی خەبات
بەبۆنەی (٦٧) ەمین ساڵیادی دەرچوونی یەکەمین ژمارەی ڕۆژنامەی خەبات گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوەی ھێژا و خوێنەرە بەڕێزەکانتان دەکەین، ڕۆژنامەی (خەبات) وەک ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەو سەردەمەی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و لێشاوی ئامرازە دیجیتاڵییەکان و گۆڕانکارییە خێراکان، توانیویەتی ڕێبازی ڕاستەقینەی میدیایی خۆی بپارێزێ و لەو شۆڕشە نوێیەی زانیارییەکان ڕۆڵی خۆی ببینێ.
گوتاری میدیایی (ڕۆژنامەی خەبات) بەرجەستەکردنی مۆرک و بنەما پیشەییەکانی ڕۆژنامەگەرییەکی بەرپرسانە و ھۆشیارانەیە بۆ ئەوەی راستگۆییانە پەیامە دروستەکەی بگەیەنێ و گوزارشت لە ئامانج و پرۆسە میدیاییەکەی بکات.
لە سەرینی ئەمەوە (ڕۆژنامەی خەبات) توانیویەتی کەسێتی میدیایی و ڕۆژنامەگەریی خۆی بپارێزێ و لە سەر ئەو ڕێبازە مۆڕاڵییە و ئیتیکە پیشەییەکانی بە ھەمان سەنگ و ھاوسەنگی پەرە بە کارامەیی و کارنامەکانی بدات.
دروود بۆ گیانی ئەو کادیر و نووسەر و ڕۆژنامەنووسانەی لە ڕێگەی (ڕۆژنامەی خەبات)ەوە بێوچان تێکۆشان و خزمەتی ڕەوتی ڕۆژنامەوانیی و دۆزی ڕەوای گەلەکەمانیان کردووە.
بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان