ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری تەندروستی ھەولێر، دەربارەی دروستکردنی گەورەترین نەخۆشخانەی شێرپەنجە لەسەر ئاستی ھەرێم و عێراق لە ھەولێر بەستانداردی جیھانی دەڵێت، "باڵەخانەکەی لە قۆناغی تەواوبوون دایە، سەرۆکی حکوومەت بەخۆی چاودێری دەکات و بڕیارە پێش وادەی خۆی تەواو بێت".
د.دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری تەندروستی ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "باڵەخانەی پڕۆژەی دروستکردنی نەخۆشخانەی شێرپەنجە لە ھەولێر تەواوبووە، ئێستا کاری تەواوکاری دەکرێت، وەکو کارەبا و ئاو و تەواوکارییەکانی دی، دواتریش دەست بە دابینکردنی پێداویستی و ئامێرەکان دەکرێت، خۆی بڕیاربوو بە سێ ساڵ تەواو بکرێت، بەڵام کارەکان پێش وادەی خۆی بەڕێوەدەچن، ساڵێک و شەش مانگە کاری تێدا دەکرێت، بەقەد ساڵێک و ١٠ مانگ کاری تێدا کراوە.
بەڕێوەبەری تەندروستی ھەولێر ڕاشیگەیاند، ئەو نەخۆشخانەیە کە گەورەترین نەخۆشخانەیە لە ھەرێم و عێراق، ٢٠٠ تەختییە و ھەموو بەشەکانی چارەسەری شێرپەنجە و دەستنیشانکردنی لە سەرەتای نەخۆشیەکە تاوەکو چارەسەری تێدایە، ھەرچەندە ئێستاش ھەموو بەشەکان ھەنە بەڵام بەتەواوبوونی ئەو نەخۆشخانەیە کە بەستانداردی جیھانی دروست کراوە دەچینە قۆناغێکی زۆر پێشکەوتوو.
د.دلۆڤان محەممەد گوتیشی، "کاتی خۆی بەبڕیاری سەرۆکی حکوومەت ئەو نەخۆشخانەیە دروست کرا، خۆیشی بەردی بناغەی بۆ دانا و سوورە لەسەر تەواوکردنی و بەخۆی چاودێری دەکات، ئەمەش وای کردووە کارەکانی خێراتر لەوەی پلانی بۆ دانراوە بڕوات.
ناوبراو باس لەوەش دەکات، لەم کابینەیە لە نەخۆشخانە و سەنتەر و بنکەی تەندروستی ٥٠ پڕۆژە جێبەجێ کراوە، بەڵام نەخۆشخانەی شێرپەنجە گەورەترین نەخۆشخانەیە، پێشتریش نەخۆشخانەی بەحرکە، ئیماراتی و لەدایکبوون دروست کراون، نەخۆشخانەی چاویش ھەیە بڕیارە بکرێتەوە، زۆر پڕۆژەی تەندروستیمان ھەیە، ئێستا کەرتی تەندروستی لەم کابینەیە ھەنگاوی زۆر باشی ناوە و بەردەوام لەپێشکەوتنی زیاتر دایە.
بڵند ئیبراھیم