هەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، حکوومەتی هەرێم گرینگیی زۆری بە کەرتی پیشەسازی و بەرهەمی ناوخۆیی داوە و ئێستا لە ڕێگەی زیاتر لە ١٥٠٠ کارگەوە، بەشێکی بەرچاوی پێداویستییەکانی خۆراک و کەلوپەلی تر لە ناوخۆدا دابین دەکرێن.
دکتۆر محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بایەخێکی ستراتیژیی بە بەرهەمی ناوخۆ و دابینکردنی ئاسایشی خۆراک داوە، لە ئێستادا ٥٠٠ کارگەی گەورەی پیشەسازیی وەبەرهێنان و زیاتر لە ١٠٠٠ کارگەی تری مامناوەندی سەر بە وەزارەتی بازرگانی لە هەرێمدا هەن، کە ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە دابینکردنی پێداویستییەکانی بازاڕ.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەو تەنگژە و دۆخە نالەبارانەی لە جیهان و ناوچەکەدا دروست بوون، کاریگەرییان هەبووە، بەڵام سوپاس بۆ خودا هەرێمی کوردستان بەهۆی پشتبەستن بە بەرهەمی ناوخۆیی لە دۆخێکی باشدایە و گرفتی کەمیی کاڵای نییە.
دکتۆر محەممەد شوکری گوتیشی، ''ئێمە گەورەترین کارگەی پیشەسازیمان لە بوارەکانی خۆراک، بیناسازی و پیشەسازیی تردا هەیە. ئامانجمان ئەوەیە لەبری هاوردەکردن، بە تەواوی پشت بە بەرهەمی ناوخۆیی ببەستین و پرۆسەی بەرهەمهێنان لە ناو هەرێمی کوردستاندا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر گەشە بکات.
بڵند ئیبراهیم