هەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەبۆنەی ٩٢ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی حزبی شیوعی عێراقەوە، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و کۆمیتەی ناوەندیی ئەو حزبە کرد و تێیدا جەختی لە مێژووی هاوخەباتی و پەیوەندیی دێرینی نێوانیان کردەوە.
دەقی پەیامی پیرۆزباییی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان:
پەیامی پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ساڵیادی دامەزراندنی حزبی شیوعی عیراق
بەڕێز/ دکتۆر رائید فەهمی سكرتێری حزبی شیوعی عێراقی
بەڕێزان/ ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعی عێراقی.
بە بۆنەی(٩٢)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی حزبی شیوعی عێراقی، گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوەی بەڕێز و كادیر و ئەندام و لایەنگرانی حزبە تێکۆشەرەکەتان دەكەین و، هیوادارین بەردەوام و سەرکەوتووبن لە خەباتی نەپساوەتان لەپێناو بەدیهاتنی گشت ئامانجە ڕەواكانی گەلانی عێراق و مافەنیشتیمانی و دیموكراسییەكان.
حزبی شیوعی یەكێكە لەو حزبە ڕەسەنانەی بەدرێژایی كاروانی خەباتی سیاسی و مێژوویی خۆیدا داكۆكیكەرێكی دڵسۆز بووە لە مافە ڕەواكانی خەڵك و شانبەشانی هێز و لایەنە سیاسییە نیشتمانییەکانی دیكە دژ بە ڕژێمە سەركوتكارەكان ڕۆڵی كاریگەر و گرینگی خۆی بینیوە و لەو ڕێگایەشدا قوربانی زۆری داوە، كە مایەی شانازییە بۆ مێژووی خەباتی ئازادیخواز و دیموكراسیخوازانی عێراق.
پارتیمان هەردەم پەیوەندی نێوانمان و كاروانە سەرفرازەکەتانی بەرزنرخاندووە و دەنرخێنێت، هەر لەسەرەتای بەرپابوونی شۆڕش و بزاڤی رزگاریخوازی گەلەكەمان بە ڕابەرایەتی (بارزانی نەمر) کە داڕێژەری بناخەی پتەوی هەماهەنگی و هاوخەباتیی نێوانمان بوو، بۆ لەمەودواش پاراستن و بەهێزكردنی ئەو پەیوەندییانەمان بەپێویست دەزانین لەپێناو ئازادی و دیموكراسی و پێکەوەژیان و ئاشتیدا.
لەم ساڵیادەتاندا کە ناوچەکە بە هەلومەرجێکی دژوار و ئاڵۆزەی شەڕدا تێدەپەڕێت، جەخت لەسەر پێویستی هەماهەنگی پتەوی نێوانمان دەکەینەوە و، بە ئەركی سەرشانی گشت پارت و لایەنە سیاسییە دڵسۆزەكان لە هێزە نیشتیمانی و دیموكراسییەكانی دەزانین، هاوهەڵوێست بن بۆ دوورخستنەوەی ئاگری جەنگ و دەرهاویشتەکانی و بەرقەرارکردنی ئاشتی و ئاشتەوایی و سەقامگیریی وڵات و دابینکردنی ئاسایش و ماف و داخوازییەکانی هاووڵاتیان بە سەرجەم پێکهاتەکانەوە.
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
٣١ی ئاداری ٢٠٢٦