هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ ٣٥ ساڵ بەسەر کۆڕەوی ملیۆنیی گەلی کوردستاندا تێدەپەڕێت، ئەو ڕووداوە مێژووییەی کە تێیدا هاووڵاتییانی باشووری کوردستان وەک پەیامێکی ناڕەزایەتی دژ بە ڕژێمی بەعس ڕوویان لە سنوورەکان کرد و دەرەنجام تابلۆیەکی نوێی بۆ دۆزی کورد لە ئاستی نێودەوڵەتیدا کێشا.

د. هاوکار کەریم حەمەڕەش، پسپۆڕ لە مێژووی هاوچەرخی کورد، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، ''کۆچی ملیۆنیی ساڵی ١٩٩١ تەنیا ڕاکردن نەبوو لە جەنگ، بەڵکو ڕەفزکردن و ڕەتکردنەوەی ژێردەستەیی و ئەو ستەمە بوو کە بۆ ماوەی حەفتا ساڵ حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق دەرهەق بە کورد ئەنجامیان دەدا.
ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بەوەش کرد، دوای ئەوەی ڕژێمی بەعس بە ئاگر و ئاسن هێرشی کردەوە سەر شارە ئازادکراوەکان، جەماوەری کوردستان بڕیاری دا متمانە بە بەڵێنەکانی بەغدا نەکات و کۆچی بەرەو سنوورەکان دەست پێ کرد. ئەمەش وایکرد جیهان ڕابچڵەکێت و بۆ یەکەمجار، بە هەوڵی وڵاتانی زلهێز و بەتایبەت فەڕەنسا، بڕیاری ٦٨٨ـی ئەنجومەنی ئاسایش دەربچێت و ناوچەی دژەفڕین بۆ پاراستنی کورد دیاری بکرێت.

د. هاوکار گوتیشی، ''دیاریکردنی ناوچەی ئارام، زەمینەی گەڕانەوەی خەڵک و دواتر دامەزراندنی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی خۆش کرد، هەرچەندە بەداخەوە ئەو بڕیارە کەرکووکی نەگرتەوە و تا ئێستاش وەک ناوچەی کوردستانیی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ماوەتەوە.

لە کۆتاییدا ئەو پسپۆڕەی مێژوو جەختی کردەوە، کە ڕاپەڕین و کۆچی ملیۆنی تابلۆیەکی جوانی ئاوێتەبوونی پێشمەرگە و گەل بوو، سەلماندی کە خەڵکی کوردستان تینووی ئازادین و ئامادە نین جارێکی تر بگەڕێنەوە ژێر سایەی دیکتاتۆرییەت.
قائید میرۆ